Apora Logo

مۆرینهۆ بە ١٠ مەرجی قورسەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە ڕیاڵ مەدرید؛ ئایا پێرێز تەسلیم دەبێت؟

مۆرینهۆ بە ١٠ مەرجی قورسەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە ڕیاڵ مەدرید؛ ئایا پێرێز تەسلیم دەبێت؟

ئاپۆڕانیوز - بەشی وەرزش

6/5/2026

وا دیارە خۆسێ مۆرینهۆ وەک ڕاهێنەرێکی ئاسایی یان وەک چارەسەرێکی کاتی بیر لە گەڕانەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید ناکاتەوە کە لە دەرگای پشتەوە بێتە ژوورێ، بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ئیسپانییانەی بڵاوکراونەتەوە، وێنایەکی تەواوی بۆ گەڕانەوەی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ کێشاوە، گەڕانەوەیەک بە دەسەڵاتی فراوان و مەرجی ڕوون و تەنها یەک پەیام: یان مۆرینهۆ بەو شێوەیەی خۆی دەوێت دەگەڕێتەوە، یان هەر ناگەڕێتەوە.


١- ماوەی گرێبەستەکە:

گرێبەستی دوو ساڵە، نە کەمتر و نە زیاتر نایەوێت وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ یەک وەرز بێت، هەروەها ناشیەوێت گرێبەستێکی درێژخایەنی هەبێت. لەم ماوەیەدا ئەو و یانەکە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دەکەن و ئەگەر هەموو شتێک باش بوو، ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ ساڵی ٢٠٢٨ تاوتوێ دەکەن.


٢- لایەنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن:

مۆرینهۆ نایەوێت وەک سەردەمی یەکەم ببێتە "وتەبێژی فەرمی" بۆ پڕۆژەکانی یانەکە کە پەیوەندییان بە تیپی یەکەمەوە نییە. مەرجی داناوە کە تەنها لە چوارچێوەی کاری خۆی وەک ڕاهێنەر قسە بۆ میدیاکان بکات، و کەسێکی تر هەبێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە پەیوەندییان بە ڕاهێنەر و یاریگاوە نییە.


٣- دەستوەرنەدان لە پێکهاتەی تیپەکە:

ئەمە مەرجێکی بێ چەند و چوونە. ئەگەر یاریزانێک بە تەواوی پابەند نەبێت یان لە ڕووی بەرگرییەوە ئەرکەکانی جێبەجێ نەکات، یاری پێ ناکات؛ ناوی یاریزانەکە هەرچەندە گەورە بێت گرنگ نییە. مۆرینهۆ ئەمەی وەک "هێڵی سوور" نیشانی ئیدارەی ڕیاڵ مەدرید داوە.


٤- هێنانی ستافی تایبەتی خۆی:

مۆرینهۆ دەیەوێت ستافە هونەرییەکەی خۆی لەگەڵ بێت (ئەوانەی لەگەڵیدان). تەنها لەسەر یەک ناوی ناو یانەکە ڕازی بووە، ئەویش "ئەلڤارۆ ئەربێلوا"یە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز پێشنیاری کردووە و مۆرینهۆش دژایەتی نەکردووە.


٥- دوورخستنەوەی ئەنتۆنیۆ پینتۆس:

ئەمە یەکێکە لە مەرجە هەرە قورسەکان. مۆرینهۆ مەرجی داناوە کە دەبێت "ئەنتۆنیۆ پینتۆس" (ئامادەکاری جەستەیی ڕیاڵ) یانەکە جێبهێڵێت. پێی وایە ئەو هەموو پێکانە جەستەییانەی لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕیاڵ هەبووە قبوڵنەکراون و دەیەوێت تەنها متمانە بە ستافەکەی خۆی بکات.


٦- لایەنی پزیشکی و "ڕای دووەم":

بۆ ڕێگری لە کێشە و دەستنیشانکردنی هەڵەی پێکانەکان، مۆرینهۆ دەیەوێت پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تیمی پزیشکی هەبێت. هەروەها مەرجی داناوە کە ئەگەر یاریزانێک یان ڕاهێنەر گومانیان هەبوو، مافی ئەوەیان هەبێت داوای ڕای پزیشکی "دووەم" لە دەرەوەی یانەکە بکەن.


٧- پاکتاوکردنی یاریزانەکان:

مۆرینهۆ لیستێکی ئامادەکردووە کە دەبێت (٧) یاریزان لەم مێرکاتۆیەدا یانەکە جێبهێڵن، چونکە پێی وایە لە ئاستی ڕیاڵ مەدرید نین یان ناگونجێن لەگەڵ پڕۆژەکەیدا. (ئەمە ئەو یاریزانانە ناگرێتەوە کە گرێبەستیان تەواو دەبێت وەک ئالابا و کارڤاخال).


٨- تەنها گفتوگۆ لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز:

نایەوێت کاتی خۆی بە قسەکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرە جیاوازەکانی ناو نووسینگەکانی یانەکە بکوژێت. مەرجی داناوە کە تەنها و ڕاستەوخۆ لەگەڵ "سەرۆک" قسە بکات و لێپرسراوی بێت، نەک لەگەڵ کەسانی وەک خۆسێ ئەنخێل سانچێز.


٩- کۆتاییهێنان بە گەشتە هاوینییەکان:

مۆرینهۆ بڕوای وایە گەشتە دوورەکانی ئەمریکا و ئاسیا لە هاویندا، زیانی گەورەی جەستەیی و دەروونی بە یاریزانەکان دەگەیەنێت. مەرجی داناوە کە ئەگەر بووە ڕاهێنەر، گەشتی بازرگانی ئەنجام نەدەن و تەنها چەند یارییەکی دۆستانەی کەم لەژێر سەرپەرشتی خۆی ئەنجام بدەن.


١٠- مەرجەکان جێگەی گفتوگۆ نین:

هەموو ئەم مەرجانە لای مۆرینهۆ وەک "پاکێجێک" وان؛ ئەگەر تەنها یەک مەرجیان جێبەجێ نەکرێت، وەڵامەکەی "نەخێر" دەبێت و ئەرکەکە وەرناگرێت.!


سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئاس - لە زاری میدیاکار میگێل کیپۆ دی یانۆ.

;