ئەمڕۆ شەممە، ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، بە چاودێری حکومەتی پاکستان، گەڕێکی چارەنووسسازی دانوستانەکان لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەخت دەستیپێکرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییەی ماوەی شەش هەفتەیە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، وەفدی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بە بەشداری جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەت گەیشتوونەتە شوێنی کۆبوونەوەکان. لە بەرامبەردا، وەفدی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران نوێنەرایەتی تاران دەکەن.
سەرەڕای دەستپێکردنی گفتوگۆکان، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە تاران گومانی لە نیەتی ئەمریکا هەیە و جەخت دەکاتەوە کە دانوستانەکان ناتوانن ئەنجامی ڕاستەقینەیان هەبێت بێباک لە دوو خاڵی سەرەکی:
1. دۆخی لوبنان: پێویستە گەرەنتی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لە لوبنان بدرێت.
2. سزاکان: پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران بنرێت.
محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، خۆشحاڵی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ میوانداریکردنی ئەم گفتوگۆیانە و ڕایگەیاند: "ئیسلام ئاباد هەموو ئاسانکارییەک دەکات بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە چارەسەرێکی هەمیشەیی و ڕاستەقینە کە سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە."
چاودێران پێیان وایە ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەت کەرتی وزە و نرخی نەوت، بە چاوەڕوانییەکی زۆرەوە دەڕواننە ئەنجامی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد. ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیانەوە دڵنیایی تەواو وەربگرێت بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز.
