Apora Logo

حکوومەتی لوبنان چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵای قەدەغە کرد

حکوومەتی لوبنان چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵای قەدەغە کرد

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

2/3/2026

لە بڕیارێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی سیاسی گەورەدا، حکوومەتی لوبنان بە فەرمی سەرجەم چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکانی حیزبوڵڵای لە سەرتاسەری وڵات قەدەغە کرد و داوای لێکرد دەستبەجێ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت بکات.


نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆشکی سەرۆکایەتی، ناوەڕۆکی بڕیارەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند:


1- قەدەغەکردنی دەستبەجێ هەموو جۆرە چالاکییەکی سەربازی و ئەمنی حیزبوڵڵا.


2- حیزبوڵڵا دەبێت تەنیا وەک هێزێکی سیاسی بمێنێتەوە و هەر چالاکییەکی چەکداری بە "دەرچوون لە یاسا" ئەژمار دەکرێت.


3- حکوومەت هەر جۆرە کارێکی سەربازی لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان ڕەت دەکاتەوە.


4- سەرۆکوەزیران داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە ڕێگری توند بکەن لە هەر هێرشێک کە لە خاکی لوبنانەوە سەرچاوە بگرێت.


ئەم بڕیارەی حکوومەت لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە بە کۆمەڵێک مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەی سەربازی "میشمار هەرکەرمەل" لە باشووری شاری حەیفای ئیسرائیل. حیزبوڵڵا دەڵێت ئەم هێرشە وەک "تۆڵەی خوێنی ئیمام خامنەیی" و بەرگریکردن لە لوبنان ئەنجامدراوە.


لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان کردووە. لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانەشدا، نەواف سەلام دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە "وەستانی کارە دوژمنکارییەکان" و دەیەوێت لە ڕێگەی دانوستانەوە کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت.


;