Apora Logo

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئامانجی داهاتوومان، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانە

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئامانجی داهاتوومان، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

2/3/2026

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکی تونددا ڕایگەیاند، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لەمەودوا ئامانجێکی سەرەکییە بۆ لەناوبردن، جەختیشی کردەوە کە ستراتیژی نوێی وڵاتەکەی تێکشکاندنی تواناکانی تاران و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هێرشێکی مووشەکی حزبوڵڵا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە حەیفا.


ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پەیامێکی توند و هۆشداریدەر ئاراستەی حزبوڵڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، نەعیم قاسم بووەتە ئامانجی سەرەکی بۆ لەناوبردن.


ئیسرائیل کاتز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاشکرای کرد، کە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، لەژێر فشاری تاراندا بڕیاری هێرشکردنی داوە، بۆیە لەمەودوا وەک ئامانجێکی دیاریکراو بۆ "لەناوبردن" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. کاتز ڕاشیگەیاند: "هەر کەسێک شوێنپێی خامنەیی بکەوێت، زۆری پێ ناچێت خۆی لە قووڵایی دۆزەخدا دەبینێتەوە."


وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ یاساکانی شەڕی پێش 7ی ئۆکتۆبەر. ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانجی ستراتیژییان تەنیا حزبوڵڵا نییە، بەڵکو کارکردنە بۆ پەکخستنی تواناکانی تاران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هاووڵاتییانی ئێران تاوەکو دژی ڕژێم ڕاپەڕن.


ئەم لێدوانە توندانەی کاتز دوای ئەوە هات کە بەیانیی ئەمڕۆ، حزبوڵڵای لوبنان بنکەی سەربازیی "میشمار هەرکەرمەل"ی لە باشووری حەیفا بە مووشەک و درۆن کردە ئامانج. حزبوڵڵا ڕایگەیاندووە ئەمە وەک "تۆڵەی خوێنی ئیمام خامنەیی" و بەرگریکردن لە لوبنان ئەنجام دراوە.


لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل ڕاستەوخۆ شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر قووڵایی خاکی لوبنان دەستپێکردووە و ڕایگەیاندووە کە وەڵامی هەر هێرشێک بە توندی دەدەنەوە.

;