Apora Logo

ئەکسیۆس نهێنیی دواخستنی هێرشەکەی سەر ئێران ئاشکرا دەکات

ئەکسیۆس نهێنیی دواخستنی هێرشەکەی سەر ئێران ئاشکرا دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

2/3/2026

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان دانابوو هەفتەیەک پێش وادەی جێبەجێکردنی هێرشە سەربازییەکەی سەر ئێران، ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی هەندێک هۆکار دواخراوە، کە دیارترینیان خراپیی کەشوهەوا و پێویستی بە هەماهەنگی سەربازیی فراوانتر بووە لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب.


بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم دواخستنە کاتێکی زیادەی بەخشیوە بە دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی بەراوردکاری بکات لە نێوان بژاردەی دیپلۆماسی و کردەوەی سەربازیدا؛ ئەو دوو ڕێگەیەی کە ئیدارەکەی لە ماوەی نزیکەی دوو مانگی ڕابردوودا بە تەریب گرتوویەتیە بەر. هەروەها ئەمە دەرفەتێکی کۆتایی بەخشی بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی جنێف.


پلاندانانی پێشوەختە و دواخستنی یەکلاکەرەوە

ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە گواستوویەتیەوە، کە داڕێژەرانی پلانی سەربازی لە هەردوو وڵات ئامادەبوون بۆ وەشاندنی گورزەکە تەنها چەند ڕۆژێک دوای کۆتایی هاتنی خولی گفتوگۆکانی 17ی شوبات، کە بێ ئەنجام کۆتایی هاتبوو، بەڵام لەو کاتەدا گڵۆپی سەوز بۆ هێرشەکە هەڵنەکرا، چونکە کەشی و هەوا ڕۆڵێکی کاریگەری بینی، لەگەڵ پێویستی بە هەماهەنگی زیاتری سەربازی.


بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکرد کە کەشوهەوا یەکێک بووە لە هۆکارەکان، بەڵام تەنها هۆکار نەبووە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئیسرائیلی جەختی کردووەتەوە کە لایەنی ئەمریکی خاوەنی بڕیاری سەرەکی بووە لە دواخستنەکەدا.


ئامانجەکانی گورزی دەستپێک

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە پلانەکە لە سەرەتادا ئامانج لێی پێکانی ڕێبەری ئێران عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکان بووە لە کاتی کۆبوونەوە خولییەکانیاندا، لەوانە کۆبوونەوەیەکی هەفتانە کە ڕۆژانی شەممە دەکرێت. هەروەها باس لەوە کراوە کە دوو کۆبوونەوەی جیاوازی دیکە لە ناو بانکی ئامانجەکاندا بوون، کە تایبەت بوون بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران. لە ماوەی ئەو هەفتەیەی کە هێرشەکە دواخرا، نیگەرانیی دەزگا هەواڵگرییەکان زیادی کرد لە ئەگەری گواستنەوەی خامنەیی بۆ پەناگەیەکی ژێر زەوی. بەرپرسێکی هەواڵگری ئیسرائیلیش دەڵێت: یەکێک لە ئامانجەکانی دواخستنەکە ئەوە بوو کە وا نیشان بدرێت هیچ هێرشێکی نزیک لە ئارادا نییە، تا سەرکردە ئامانجکراوەکان دڵنیا ببنەوە و شوێنەکانیان چۆڵ نەکەن."


پێشنیازی کۆتایی لە جنێف

هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، خولێکی تری گفتوگۆکان بەڕێوەچوو. نێردە ئەمریکییەکان جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف بە پێشنیازێکی کۆتاییەوە گەڕانەوە کە تێیدا هاتبوو:

1- ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ ماوەی 10 ساڵ.

2- لە بەرامبەردا، دابینکردنی سووتەمەنی ئەتۆمی بێبەرامبەر بۆ پێویستییە مەدەنییەکانی تاران.

3- ڕێگدان بە پیتاندنی سنووردار لە قۆناغەکانی دواتردا.


بەرپرسانی ئەمریکی جەختیان کردەوە کە واشنتۆن بە ڕاشکاوی هەڕەشەی بژاردەی سەربازی کردووە ئەگەر پێشنیازەکە ڕەت بکرێتەوە، و ئاماژەیان بەوەش کردووە کە دانوستانەکان فێڵ نەبوون، بەڵکو هەوڵێکی جددی بوون بۆ ڕێککەوتن.


بڕیاری هێرشەکە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تاران پێشنیازەکەی ڕەتکردووەتەوە، ئەمەش وای لە نێردەکان کردووە ترەمپ ئاگادار بکەنەوە و ئەویش گڵۆپی سەوزی بۆ جووڵە سەربازییەکە هەڵکردووە. بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت: "کەلوپەلە سەربازییەکان پێشوەختە ئامادە بوون و بڕیارەکە دوای شکستخوێنانی ڕێگەی دیپلۆماسی درا."

;