ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیامێکی دڵنیاکەرەوە ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە هیچ مەترسییەک لەسەر کەمبوونەوەی خۆراک و شڵەژانی بازاڕ لە ئارادا نییە.
ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "کۆگاکانی شارەکە پڕن لە خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان و بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو هیچ گرفتێکی دابینکردنی خۆراکمان نابێت."
پارێزگار هەولێر ئاشکراشیکرد، هیچ جۆرە شڵەژانێک لە بازاڕەکاندا نییە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەریی دەنگۆی ناڕاست.
گوتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون چاودێریی بازاڕ توندتر بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی قۆرخکاری یان بەرزکردنەوەی نرخ.
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە ڕێکاری یاسایی زۆر توند بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە ببێتە هۆی شڵەژانی بازاڕ و بارگرانی بۆ سەر شانی هاووڵاتییان.
