Apora Logo

نەتانیاهۆ: کاتی ئەوە هاتووە گەلی ئێران چارەنووسی خۆی دیاری بکات

نەتانیاهۆ: کاتی ئەوە هاتووە گەلی ئێران چارەنووسی خۆی دیاری بکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

28/2/2026

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ "سڕینەوەی هەڕەشەی بوونی ڕژێمی ئێران" ڕاگەیاند. نەتانیاهۆ وتی: "ئەم ڕژێمە بۆ ماوەی 47 ساڵە دروشمی مردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێتەوە و خوێنی زۆری ڕشتووە، نابێت ڕێگە بدەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی کە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی بکات."


هەروەها نەتانیاهۆ سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ ئەو "سەرکردایەتییە مێژووییەی" کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا نیشانی داوە.


بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکان تەنها بنکە سەربازییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو ناوەندە هەرە هەستیارەکانی دەسەڵاتیان پێکاوە، لەوانە:


- وەزارەتی هەواڵگری و بارەگاکانی سوپای پاسداران.

- شەقامی پاستۆر، کە شوێنی نووسینگەی سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییە.

- دەوروبەری ماڵی ڕێبەری باڵا: سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە عەلی خامنەیی پێشوەختە بۆ شوێنێکی نادیار و پارێزراو گوازراوەتەوە.


ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە واشنتۆن هێزێکی زۆری لە ناوچەکە کۆکردەوەو گەیشتنی گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیهان "جێراڵد فۆرد" بۆ کەناراوەکانی ئیسرائیل و جێگیربوونی کەشتی "ئەبراهام لینکۆڵن" لە دەریای عەرەب، ئاماژەی ڕوون بوون بۆ نزیکبوونەوەی کاتی ئەم هێرشە.


لە کاتێکدا میدیاکانی ئیسرائیل باس لە "لیستی تیرۆر" بۆ سەرکردە باڵاکان دەکەن، ئاژانسی فەرمی ئێران (ئیرنا) ڕایگەیاند کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری وڵات سەلامەتە و لە شوێنێکی پارێزراوەوە سەرپەرشتی دۆخەکە دەکات. لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی سەربازیی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی "توند و تێکشکێنەر" بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن.


;