وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم راگەیەندراوێكی بۆ ڕای گشتی لەبارەی سێكتەری پەلەوەریی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، "بەكارهێنانی جۆرێك لە دەرمانی قەدەغەكراو لەلایەن چەند كەسانێك كە بەسزایی یاسایی خۆیان گەیەنراون و رێكاریان بۆ گیراوەتەبەر وە ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە خراپی بەكارهێنانی مریشكی كێلگە پەلەوەریەكان دەكەن بەتەواوی رەتدەكەینەوە."
دەشڵێت، "لێرەوە سەرجەم هاووڵاتیيانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە بەرهەمی كێلگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ژێرچاودێری لیژنە تایبەتەكانی سەر بەوەزارەتماندایە و بەدواداچوون و پشكنینی بەردەوام و وردیان بۆ دەكرێت و ئینجا دەخرێنە بازاڕەوە."
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات بە هەستیارییەوە مامەلە لەگەڵ ئەو دۆسێیانەدا بكەن كە لێكەوتەی نەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی ژیانی خەڵك و دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان، "بەتایبەت كە وەزارەتمان لە كاتێكدا لەرێگەی یاسا و ڕێنمایی بەركارەوە رێگریی كردووە لە بەكارهێنان و مامەڵەكردن و دیاریكرنی جۆری ئەو بەرهەمانەی قەدەغەكراون".
