Apora Logo

دۆسیەی "ئیپستین" دەکرێتەوە؛ وەزارەتی دادی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامە شاردراوەکان دەکات

دۆسیەی "ئیپستین" دەکرێتەوە؛ وەزارەتی دادی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامە شاردراوەکان دەکات

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

26/2/2026

وەزارەتی دادی ئەمریکا بە فەرمی بەڵێنیدا پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ دۆسیە پڕ لە نهێنییەکانی "جێفری ئیپستین" بکات. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیان تۆمەتبار کرد بە شاردنەوەی بەڵگەنامەی هەستیار کە ناوی چەندین کەسایەتی باڵای تێدایە.


تۆمەتەکان دژی ئیدارەی ترەمپ

کەناڵی NPR لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە وەزارەتی دادی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی "پام بۆندی" کە هاوپەیمانێکی نزیکی ترەمپە، ڕێگری کردووە لە بڵاوکردنەوەی چەند بەڵگەنامەیەک. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو بەڵگەنامانە تۆمەتی قورسیان تێدایە سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵانی کەم تەمەن، کە گوایە ناوی دۆناڵد ترەمپ و چەندین سەرمایەداری دیکەی تێدا هاتووە.


کێشەی "فایلە ونبووەکان"

وەزارەتی داد لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، وا دەردەکەوێت چەند فایلێکی گرنگ لەناو دۆسیەی "گیسلین ماکسوێڵ" (هاوبەشی ئیپستین) ون بووبێتن یان بە مەبەست شاردراونەتەوە.


"وەزارەتی داد لە ئێستادا پێداچوونەوە بەو بەڵگەنامانەدا دەکات؛ ئەگەر دەرکەوت بەڵگەنامەیەک بە هەڵە پۆلێن کراوە یان لە ڕابردوودا ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی کراوە، بێگومان بڵاوی دەکەینەوە بێ گوێدانە ناوی ئەو کەسایەتییانەی تێیدایە."


جێفری ئیپستین؛ سندوقە ڕەشەکەی واشنتن

جێفری ئیپستین، کە خاوەنی دوورگەیەکی تایبەت بوو، تۆمەتبار بوو بە ڕێکخستنی تۆڕێکی فراوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەرۆک و سەرمایەدارانی جیهان. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٩دا، پێش ئەوەی دادگایی بکرێت، بە شێوەیەکی گوماناوی و بە "هەڵواسراوی" لە ژووری زیندانەکەیدا دۆزرایەوە، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کرد کە بۆ پاراستنی نهێنییەکانی کوژرابێت.

;