دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی نێمێسیۆ ئۆسێگێرا سێرڤانتێس، ناسراو بە "ئێل مێنچۆ"، گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێبەری کارتێلی مەترسیداری (CJNG)، چەندین ویلایەتی مەکسیک ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندوتیژی و پێکدادانی چەکداری بوونەتەوە.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی لە نێوان سوپای مەکسیک و هێزە تایبەتەکان و بە پاڵپشتیی هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە. وەزارەتی بەرگری مەکسیک لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە "داواکراوترین پیاوی مەکسیک" لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنیدا کوژراوە.
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای کوژرانی "ئێل مێنچۆ"، لایەنگرانی چەکداری کارتێلەکە دەستیان بە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە کردو ڕێگای سەرەکی چەندین ویلایەتیان داخست و هاتوچۆیان ئیفلیج کرد، هەروەها دەیان ئۆتۆمبێل و ناوەندی بازرگانی لە لایەن چەکدارەکانەوە ئاگریان تێبەردرا، جگە لەوەش هێڵە ئاسمانییەکانی وەک (ئێرکەنەدا، یونایتد، ئایرۆمێکسیکۆ) گەشتەکانیان بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی وەک "پۆرتۆ ڤالارتا" هەڵوەشاندەوە.
ئەندامێکی باندی (CJNG) کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "ئەم هێرشانە تەنها سەرەتای تۆڵەسەندنەوەن لە حکومەت، لە داهاتوودا ململانێی ناوخۆیی گروپەکان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و فراوانکردنی نفوز خوێنڕشتنی زیاتری لێدەکەوێتەوە."
ئەم شەپۆلە نوێیەی توندوتیژی دیمەنێکی ئاشنایە بۆ مەکسیکییەکان، کە دوو دەیەیە وڵاتەکەیان بووەتە قوربانی جەنگی نێوان حکومەت و کارتێلەکان. لە ئێستادا گرتە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن کە سوپا لە ئامادەباشیدایە، بەڵام چەکدارەکان بەربەستیان بۆ هاتوچۆی سەربازیش دروست کردووە.
