Apora Logo

خەساندنی جۆلانی

خەساندنی جۆلانی
خالید قادرخالید قادر

خالید قادر

23/2/2026



کاتێک دۆناڵد ترەمپ بە شان و باڵای ئەحمەد شەرع (جۆلانی)دا هەڵدەڵێت و دەڵێت: "خۆم لەوێم دانا، کارێکی ناوازە دەکات، پیاوێکی باش و توندە بەڵام ساویلکە نییە و بۆ کوردیش باشە"، پێویست ناکات تووشی شۆک و سەرسوڕمان بین، چونکە ئەم پێداهەڵدانە لەخۆڕا نەبووە و نە مەدالیایەکیش بووە پێی بەخشرابێت! بەڵکو رووی راستەقینەی جۆلانی دەرخست و لە سادەترین دەربڕینیشدا گوزارشتێکە بۆ (خەساندنێکی سیاسی).

ئەم خەساندنەش دەرەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی سیخوڕی و دەستەمۆکردنە، کە بە پلان و بەرنامە کاری بۆ کراوە، بۆیە زۆر بەسانایی (محەمەد جۆلانی) لە تیرۆریستێکی داواکراوی دە ملیۆن دۆلارییەوە، دەگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکی سیاسیی ناو کایە نێودەوڵەتییەکان!

بۆ ئەوەی وردتر لەم پرۆسەی خەساندنە تێبگەین و دیوی دووەمی پێداهەڵگوتنەکەی ترەمپ ببینین، پێویستە لە چیرۆکی دەرکەوتن و هەڵتۆقینی ئەو بەناو (کوڕە باشە) تێبگەین و هەڵوەستەیەکی جددیی لەسەر بکەین؛ چونکە وانەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتنی دۆخی سیاسیی سووریا و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

لە دەستپێکدا (رۆبەرت فۆرد) باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە دیمەشق، لە ساڵی ٢٠٢٥دا دانی بەوەدا نا، کە لە ساڵی ٢٠٢٣وە لەسەر داوای بەریتانیا، خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی جۆلانیی بۆ کورسیی دەسەڵات لە دیمەشق راهێناوە. ئەم پرۆسەیە لە رێگەی رێکخراوێکی بەریتانییەوە بە ناوی (Inter Mediate) و لەژێر چاودێریی (جۆناتان پاول)دا بەڕێوەچووە، هاوکات (جەیمس جێفری)، نوێنەری پێشووی ترەمپ بۆ سووریا، لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەوەی نەشاردەوە کە لە رابردوودا، ئیدارەی ترەمپ رێگەی بۆ ناردنی هاوکاریی دارایی و ئەمنی بۆ گرووپەکەی جۆڵانی واتە (جەبهەی نوسرە) خۆش کردووە. ئەم راستییانە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کە هەڵتۆقینی جۆڵانی لەخۆوە نەبووە، بەڵکو رێککەوتنێکی سیاسیی نەخشەبۆکێشراوی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و تورکیا بووە؛ بە بەرنامە کار بۆ گۆڕینی وێنەی ئەو لە سەرکردەیەکی گرووپێکی جیهادییەوە بۆ کەسایەتییەکی سیاسی کراوە.

ئەگەر هاوکێشەکە روونتر بکەینەوە، دەبێت کەمێک بگەڕێینەوە دواوە، بەتایبەت بۆ ساتی راگەیاندنی خەلافەتی داعش. ساڵی ٢٠١٣ کاتێک (ئەبوبەکر بەغدادی) داوای کرد (جەبهەی نوسرە) ببێتە بەشێک لە هێزەکانی داعش، بەڵام جۆلانی لەسەر داواکاریی تورکیا و بە فیت و بەرنامەی دەزگای میت، داواکارییەکەی بەغدادی رەتکردەوە، ئەم هەنگاوە سەرەتای دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ بوو لە نێوانیاندا، بەمەش جۆلانی، سەرباری ئەوەی مووچەی مانگانەی هێزەکانی لەلایەن تورکیا و قەتەرەوە دابین دەکرا و چەک و تفاقیان دەدرا پێیان، بەڵام بۆ مانەوە پێویستی بە پشتوپەنای زیاتر هەبوو، چونکە داعش لەو کاتەدا لە ئەوجی هێزی خۆیدا بوو.

ساڵی ٢٠١٤ دوای راگەیاندنی خەلافەتی داعش، شەڕێکی فراوان لە نێوان نوسرە و داعش لە ئیدلیب دەستی پێکرد. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە هێزەکانی داعش بەخێرایی پێشڕەوییان دەکرد، لەو کاتەدا نیوەی سووریایان بەدەستەوە بوو، لە عێراقیش پارێزگاکانی موسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە، قەزای حەویجە و دەوروبەریان بەدەست داعشەوە بوو و هێزەکانیان لە بەغدا نزیک ببوونەوە.

لەو کاتەدا جۆلانی کە هێزەکانی لە ئیدلیب بوو، دەیزانی بەرگەی هێرشی داعش ناگرێت و کەوتبووە ناو مۆتەکەیەکەوە؛ دەیزانی ئەگەر پشتیوانیی تورکیا و رۆژئاوا نەبێت، نۆرەی گرتنی پارێزگای ئیدلیب و سەربڕینی ئەو هاتبوو، چونکە داعش سوێندی بە خوێنی سەری ئەو خواردبوو. بۆ ئەمەش جۆلانی لە رێگەی تورکیا و وڵاتانی کەنداوەوە، پەنای بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا برد و بۆ پاراستنی پێگەکەی هەموو مەرجەکانیانی قبووڵ کرد، (ئیدلیب)یشی کردە کارتێکی مامەڵەی سیاسی و بەکاری هێنا، وەک ئەوەی (ئەگەر من لێرە نەمێنم، دەبێت لەگەڵ داعش شەڕبکەن)، ئەمەش وای کرد هێزەکانی هاوپەیمانان چاو لە تیرۆریستبوونی جۆڵانی بپۆشن و رێگەی بدەن ئیدلیب وەک قەڵایەکی تایبەت بۆ خۆی بهێڵێتەوە.

ساڵی ٢٠١٦ قەتەر کەناڵی جەزیرەی راسپارد کە گرنگی بە جۆلانی بدرێت؛ ئەوەبوو جۆڵانی بۆ یەکەم جار لە رێگەی کەناڵی جەزیرەی عەرەبییەوە بە روویەکی ئاشکرا، بە فەرمی جەبهەی نوسرەی وەک هێزێکی جیاواز لە قاعیدە راگەیاند. ئەمە یەکەم هەنگاوی بوو کە بە رێنماییی سیخوڕیی هێزەکانی هاوپەیمانان و دەزگای میتی تورکی ئەنجام درا، تا وەک هێزێکی ناوخۆییی جیاواز لە داعش نمایش بکرێت.

ساڵی ٢٠١٧ جۆلانی ناوی جەبهەی نوسرەی گۆڕی بۆ (جەبهەی فەتحی شام)، بەڵام هێشتا نەیتوانی متمانەی تەواوی هاوپەیمانان و دەزگا سیخوڕییەکان بەدەست بهێنێت. بۆیە بە پلانی (هاکان فیدان) بڕیاری دا هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ چەند گرووپێکی تری چەکداری سەر بە تورکیا (وەک نورەدین زەنگی و جەیشول سوننە) پێکبهێنێت و ناوی لێ بنێت (هيئة تحرير الشام). دوای ئەوە، جۆڵانی بە پاڵپشتیی تورکیا 

 هاوکاریی ئەمنی و دارایی ئەمریکا و بەریتانیا، دەستی کرد بە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردن لە ئیدلیب؛ بۆ ئەمەش جۆلانی بۆ ئەوەی پابەندیی خۆی بسەلمێنێت، نەک هەر شەڕی چەکدارانی داعشی کرد، بەڵکو پەلاماری ئەو گرووپە چەکدارانەشی دا کە پێشتر هاوپەیمانی بوون و مەترسی بوون بۆ سەر پلانە هەواڵگرییەکانی، بەمەش لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ توانی ئیدلیب بە تەواوەتی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و حکوومەتێکی سێبەر بە ناوی (حکوومەتی رزگاری) دابمەزرێنێت.

ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ قۆناغی سەلماندنی دڵسۆزی بوو بۆ CIA؛ جۆلانی لە رێگەی تۆڕێک لە بەکرێگیراوەکانی، زانیاریی وردی لەسەر هاوڕێکانی دوێنێی و بەتایبەتیش (ئەبوبەکر بەغدادی) رادەستی ئەمریکا دەکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ ئەمریکا بەغدادی لە شارۆچکەیەکی نزیک ئیدلیب کوشت، ئەمەش بەڵگە بوو کە جۆلانی شوێنەکەی رادەستی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی شەرعییەتی مانەوە بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

دواتر ئەو (سەرۆکە نایابەی) ترەمپ باسی دەکات، نازناوی جۆلانییان لێ کردەوە بۆ ئەوەی زیانی بۆ پەزەکانی ئیسرائیل نەبێت و کردیانە ( ئەحمەد شەرع)، پاشان کرا بە مەقاشێکی دەزگا هەواڵگرییەکان بۆ ئەوەی بە ریش و دروشمی ئایینییەوە بازرگانی بە پیرۆزییەکان بکات. بۆیە سەیر نییە هێشتا لۆگۆی داعشی بە شانی بەشێک لە چەکدارە گەمژەکانەوە هەڵواسیوە، تا وەک سووتەمەنیی شەڕ بەکاریان بهێنێت، بەڵام بۆ پاراستنی کورسییەکەی ملی بۆ ئیسرائیل شۆڕ کردووە.

لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات، ئیسرائیل زیاتر لە ٤٠٠ هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر سووریا ئەنجام داوە و تەواوی جبەخانەکانی رژێمی پێشوو لەناو بردووە. دواجاریش سێ پارێزگای سووریای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی خۆیەوە. لە ئێستادا نەک ناوی بەرزاییەکانی جۆلان نەماوە، بەڵکو هەژموونی ئیسرائیل تا نزیک دیمەشق هاتووە. بەوەشەوە نەوەستاون بگرە بێ پرس پێکردنی، خستوویانەتە ناو رێککەوتننامەی ئیبراهیمییەوە؛ هەموو ئەو بێدەنگییەشی تەنها بۆ ئەوە بوو وەک کارەکتەرێکی خەسێندراو بمێنێتەوە.

ئەو سەرۆکە نایابە ئێستا کلکێکی لای ئەنقەرەیە و کلکەکەی تری لای واشنتۆن و ئیسرائیلە. کاتێکیش هێرش بۆ سەر رۆژاوای کوردستان دەکات و تاوانی جەنگی بەرامبەر کورد و خەڵکی سڤیل ئەنجام دەدات، جێبەجێکاری ئەجێندای ئەو هێزە سێبەرانەیە کە لە پشت پەردەوە یاریی پێ دەکەن. بۆیە هەر کەسێک بپرسێت بۆچی جۆلانی وا لەپڕ بوو بە (کوڕێکی باش)، دەبێت بزانێت کە ئەو تەنها خەسێندراوێکی بازاڕی نائەخلاقیی سیاسەتە.

ئەو بازاڕەی ماوەیەکی زۆرە بۆ ئایندەی عێراق و گۆڕانکارییەکانی تری ناوچەکە، خەریکی خەساندن و پەروەردەکردنی چەندان (جۆلانی) ترە، کەچی هەرێمی کوردستان هێشتا خەریکی خۆخواردنەوەیە و وەک ئەوەی مێش میوانی نەبێت، دامەزراوە یاساییەکانی پەک خستووە و لەسەر چەند پۆستێک رێناکەون!

;