Apora Logo

نیویۆرک تایمز: ترەمپ تاوتوێی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بە گورزێکی سەربازیی گەورە دەکات

نیویۆرک تایمز: ترەمپ تاوتوێی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بە گورزێکی سەربازیی گەورە دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

23/2/2026

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کرد کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان دژی ئێران، کە لە نێویاندا وەشاندنی گورزێکی گەورە هەیە لە ئەگەری شکستهێنانی ڕێگەچارە دیپلۆماسییەکان.


ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکەی تڕەمپ گواستوویەتییەوە، کە سەرۆک بە ڕاوێژکارەکانی ڕاگەیاندووە: ئەگەر دیپلۆماسی یان گورزێکی سەربازیی سەرەتایی و سنووردار نەبێتە هۆی پاشەکشێی تاران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەوا لە مانگەکانی داهاتوودا "هێرشێکی بەرفراوانتر تاوتوێ دەکات کە ئامانج لێی ڕووخاندنی سەرکردایەتی ئێران بێت."


بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ کۆببنەوە، ئەمەش وەک "دوایین هەوڵ" بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەبینرێت. ئەمە لە کاتێکدایە تڕەمپ خەریکی تاوتوێکردنی سیناریۆکانی دەستوەردانی سەربازییە لە ئەگەری هەرەسهێنانی گفتوگۆکان.


ڕاوێژکارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ مەیلی بۆ ئەوە هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گورزێکی سەرەتایی بوەشێنێت بۆ گەیاندنی پەیامێکی توند بە تاران. ئامانجە ئەگەرییەکانی ئەم هێرشە بریتین لە:

٠ بارەگاکانی سوپای پاسداران.

٠ دامەزراوە ئەتۆمییەکان.

٠ بەرنامەی مووشەکی بالیستی.

ئەگەر ئەم هەنگاوانە هەڵوێستی ئێرانیان نەگۆڕی، ئەوا خێاری هێرشی گەورەتر بۆ سەر دەسەڵاتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە کۆتایی ئەمساڵدا بە کراوەیی دەمێنێتەوە.


ئەم ستراتیژییە لە ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمریکادا پرسیاری زۆری دروست کردووە سەبارەت بەوەی ئایا تەنها لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە دەکرێت ڕژێمێک بڕووخێنرێت؟ هاوکات باس لە جۆرە ڕێککەوتنێکی نوێ دەکرێت کە تێیدا ڕێگە بە ئێران بدرێت پیتاندنی ئەتۆمی بە ڕێژەیەکی زۆر کەم تەنها بۆ مەبەستی پزیشکی و توێژینەوە ئەنجام بدات، بەڵام هێشتا ڕوون نییە هیچ کام لە لایەنەکان ئامادەی قبوڵکردنی ئەم پێشنیازەن یان نا.

;