بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و بڕیارێکی دادگای باڵای ئەمریکا سەبارەت بە باجە گومرگییەکان، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕوو لە بەرزبوونەوەی بەرچاو دەکات.
ڕۆژی دووشەممە، نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەی ڕابردوودا بەرزبووەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار، دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بەشێکی زۆری ئەو باجە گومرگییانەی کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەپاندبوونی.
نرخی زێڕ لە مامەڵە دەستبەجێکاندا بە ڕێژەی 1.2% بەرزبووەوە و گەیشتە 5163.60 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، کە ئەوەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەدا، لەکاتێکدا گرێبەستە دواخراوەکانی زێڕی ئەمریکا بۆ ڕادەستکردنی مانگی نیسان بە ڕێژەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە 5184.90 دۆلار.
لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان نرخەکان بەم شێوەیە؛
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 - 968,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 - 1,121,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 - 1,280,000 دینار
بەرزبوونەوەی کانزا زەردەکە هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی دۆلار، دوای ئەوەی مامەڵەکاران پێیان وابوو بڕیارەکەی دادگا پاڵپشتی گەشەی جیهانی دەکات و فشارە بازرگانییەکان کەم دەکاتەوە، سەرەڕای بەردەوامی دۆخی نادیاری پەیوەست بە سیاستە بازرگانییەکانی ئەمریکا و مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بەرامبەردا، بازاڕی چین بەهۆی پشووی سەری ساڵی مانگییەوە داخرابوو، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی قەبارەی مامەڵەکان، لەگەڵ پێشبینی گەڕانەوەی چالاکییەکان لە ڕۆژی سێشەممەدا.
ئێستا بازاڕەکان چاوەڕوانی ئاڕاستەکانی سیاسەتی نەختینەیین، چونکە پێشبینییەکان ئاماژە بە ئەگەری جێبەجێکردنی سێ کەمکردنەوە لە ڕێژەی سوود بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی لەلایەن ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵییەوە لە ماوەی ئەمساڵدا دەکەن، ئەمەش سەرنجڕاکێشیی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام لە ژینگەی ڕێژەی سوودی نزمدا بەهێزتر دەکات.
لەسەر ئاستی کانزاکانی تر، زیو بە ڕێژەی 3.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 87.10 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، کە ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی لە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەدا، هەروەها پلاتینیۆم بە ڕێژەی 1.2% بەرزبووەوە بۆ 2182.60 دۆلار، و پالادیۆمیش بە ڕێژەی 0.5% زیادی کرد و گەیشتە 1753.75 دۆلار.
