هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوایین هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ڕاگەیاند و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ پاشەکشەیەک لەو بڕیارەدا نییە، سەرەڕای ئەو فشارە توندانەی لەلایەن ئەمریکاوە دەخرێنە سەر هێزە سیاسییەکانی عێراق.
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: "نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، بە هیچ شێوەیەک بیری لە کشانەوە لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران نەکردووەتەوە و ئەمە هەڵوێستێکی کۆتایی و جێگیرە."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە دوای هەڵبژاردنەکانی 2025 و جارێکی دیکە ناوهێنانی مالیکی وەک کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی، گۆڕەپانی سیاسی عێراق کەوتووەتە ناو شەپۆلێکی نوێی ئاڵۆزییەکان.
ئەوەی ئەمجارە جیاوازە، هاتنە دەنگی ڕاستەوخۆ و بێپێشینەی کۆشکی سپییە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا هۆشداری داوە کە گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات، واشنتۆن ناچار دەکات "پێداچوونەوەی ڕادیکاڵ" بە پاڵپشتییەکانی بۆ عێراقدا بکات. ترەمپ ماوەی حوکمڕانی پێشووی مالیکی بە "سەردەمی فەوزا و هەژموونی ئێران" ناوبردووە.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکانی ناو کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکان، ئەمریکا چەند نامەیەکی ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە. لەو نامانەدا هاتووە کە سووربوون لەسەر کاندیدکردنی مالیکی دەبێتە هۆی:
1- سەپاندنی سزای دارایی توند بەسەر ئەو کەسایەتی و لایەنانەی پاڵپشتی دەکەن.
2- توندکردنەوەی ڕێکارەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بەرامبەر عێراق، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی بەهای دینار و پەککەوتنی بازاڕ.
ئێستا عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ لە لایەک دەوڵەتی یاسا و بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت بڕیاری سیاسی "سەربەخۆ" بێت و بەرگری لە کاندیدەکەیان دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە مەترسییە ئابوورییەکان و سزاکانی ئەمریکا سێبەری بەسەر هەموو جوڵەکاندا کێشاوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە مانگەکانی داهاتوو بۆ داهاتووی سیاسی مالیکی و سەقامگیری حکومەتی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن، بەتایبەت لە کێبڕکێی نێوان "بڕیاری ناوخۆیی" و "فشارە دەرەکییەکان".
