Apora Logo

تۆم باراک وردەکاریی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سوودانی ئاشکرا دەکات

تۆم باراک وردەکاریی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سوودانی ئاشکرا دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

23/2/2026

تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد تڕەمپ بۆ کاروباری سووریا، ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕادەگەیەنێت و جەخت لە پلانی ئاشتی تڕەمپ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.


تۆم باراک، نێردراوی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ڕۆژی دووشەممە وردەکاریی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا بڵاوکردەوە. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی هەڕەشە و پەرەسەندنە سەربازییەکانەوە لە دۆخێکی هەستیار دایە.


باراک لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد: "لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێی ئامانجەکانی بونیادنانی داهاتوویەکمان کرد کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پلانی سەرۆک تڕەمپ بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا."


ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە بوونی سەرکردایەتییەکی کارا لە عێراق کە کار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری بکات، مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.


بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، لە دیدارەکەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن لە قۆناغی داهاتوودا کراوە. هەروەها هەوڵەکانی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیری لە سووریا و ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکاندا تاوتوێکراون.


باراک ئاشکراشیدەکات، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر بەکارهێنانی ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئیقلیمییەکان و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی سەربازی کراوەو جگە لەوەش گەڕان بەدوای دەرفەتی نوێی هاوکاریی ئابووری بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیری درێژخایەن گقتوگۆی لەبارەوە کراوە.


لەلایەن خۆیەوە، محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ڕیشەیی قەیرانەکان کردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت ڕێگری بکرێت لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە.


لە کۆتایی دیدارەکەدا، نێردراوەکەی تڕەمپ ستایشی ڕۆڵی عێراقی کرد لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەردەوامبوون لە شەڕی دژ بە تیرۆر، وەک هێزێکی کارا بۆ هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

;