Apora Logo

پێنج حزبی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كیان راگه‌یاند

پێنج حزبی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كیان راگه‌یاند

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

22/2/2026



پێنج حزبی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كیان راگه‌یاندو ده‌ڵێن، ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان له‌و هاوپه‌یمانییه‌دا خه‌باته‌ بۆ روخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌دیهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نوسه‌ بۆ كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.


 پێنج حزبی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ پێكدێن له‌ پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، هاوپه‌یمانییه‌كیان له‌ژێر ناوی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"دا راگه‌یاند.


له‌ راگه‌یه‌ندراوی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا هاتوه‌، رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی نه‌ماوه‌، بەڵام بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەکانی ماوه‌ته‌وه‌.


 هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو "ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنوسی کوردو بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە."


له‌ راگه‌یه‌ندراوی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا هاتوه‌ "ئێمە بە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا پێ لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و هاوخەباتی سیاسیی و مەیدانیی نێوان حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران دادەگرین. ئێمە وێڕای داکۆکی لە شکڵگرتنی قۆناغێکی گواستنەوەی دیموکراتیک و گشتگیر، بنەمای هەر هاوکاری و هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە به‌ ره‌سمییه‌ت ناسینی مافى نەتەوەیی نەتەوەکان، قبوڵکردنی دیموكراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک دەبێت.‌"


هاوپه‌یمانییه‌كه‌ جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ "هەوڵدان بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سیاسیی دیموکراتیک و سێكۆلار لە ئێران کە مافی پێکهاتە نه‌ته‌وەیی و ئايینییه‌ جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکات؛ بە ئەرکی خۆمان دەزانین."


هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وتوشیه‌تی"ئێمە باوەڕمان وایە لە ئێستادا پتر لە هەرکاتێک یەکیەتیی سیاسی و هاوگوتاری لایەنە سیاسییەکان و تێکۆشانی هاوبەشی مەیدانییان مەرجی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییە بەردەوام بگۆڕەکانی ئێرانە. بۆیە ئامادەی هاوکاری کردنین لەگەڵ هەمو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەمان و هەمو خەڵکی کوردستانیش بۆ خۆدیتنەوە لە هاوپەیمانییەدا بانگهێشت دەکەین."


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:


هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران


خەڵکی خەباتکاری کوردستان!


حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان!


ئازادیخوازان و خەباتگێڕانی سەرانسەری وڵات!


بزوتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە بەشێوەی ڕێکخراو و بەردەوام دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ناوەندگەرا لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیدا خەبات دەکات. کوردستان دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش هەر سەنگەرو ناوەندی سەرەکیی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەو ڕژێمە سەرکوتگەرە بوە. کوردستان لەو ماوەیەدا تێچویەکی زۆری بۆ خەبات و خۆڕاگرییی خۆی داوە. شەڕی بەسەردا سەپاوە، دەیان ڕێبەریی سیاسیی ئێعدام و تێرۆر کراون، هەزاران ڕۆڵەی خەباتکار و چالاکیی سیاسیی شەهید بون و لە زیندانەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە، کوردستانیش وەک جوغرافیایەکی داگیرکراو میلیتاریزە کراوە و بە سیاسەتی سەرکوت و تاڵان‌وبڕۆ لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە کراوە.


ئێمە ئەم حیزبە سیاسییانەی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"مان واژۆ کردوە، بە پشتبەستن بە مێژوی خەبات و تێکۆشانمان و بە سەرنجدان بە پێویستییەکانی وەڵامدانەوەو خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسیی ئیستای ئێراندا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە، بەڵام مخابن بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەکانی ڕاوەستاو بوە؛ لە کوردستان وزە و ڕیزەکانی خەباتگێڕیی خۆمان یەکخستوە و هاوپەیمانییەکی سیاسیمان ڕاگەیاندوە.


مەبەستی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە کە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە "ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری"دا پێکهاتوە، یەکڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزوتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزوتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتویە.


ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنوسی کوردو بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.


ئێمە بە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا پێ لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و هاوخەباتی سیاسیی و مەیدانیی نێوان حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران دادەگرین. ئێمە وێڕای داکۆکی لە شکڵگرتنی قۆناغێکی گواستنەوەی دیموکراتیک و گشتگیر، بنەمای هەر هاوکاری و هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە به‌ ره‌سمییه‌ت ناسینی مافى نەتەوەیی نەتەوەکان، قبوڵکردنی دیموكراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک دەبێت.‌


ئێمە لەو هاوپەیمانییەدا باوەڕمان بە پاراستنی ژینگە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، چەسپاندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دابینبون و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەمو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان و بە دامەزراوەکردنی سیستمی بەڕێوەبەری و دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەوە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سیاسیی دیموکراتیک و سێكۆلار لە ئێران کە مافی پێکهاتە نه‌ته‌وەیی و ئايینییه‌ جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکات؛ بە ئەرکی خۆمان دەزانین.


ئێمە باوەڕمان وایە لە ئێستادا پتر لە هەرکاتێک یەکیەتیی سیاسی و هاوگوتاری لایەنە سیاسییەکان و تێکۆشانی هاوبەشی مەیدانییان مەرجی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییە بەردەوام بگۆڕەکانی ئێرانە. بۆیە ئامادەی هاوکاری کردنین لەگەڵ هەمو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەمان و هەمو خەڵکی کوردستانیش بۆ خۆدیتنەوە لە هاوپەیمانییەدا بانگهێشت دەکەین.


هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران


٣/١٢/١٤٠٤ (٢٢/٢/٢٠٢٦)


ئەندامانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتو لە:


- پارتی ئازادیی کوردستان


- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان


- حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران


- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران


- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

;