Apora Logo

غەریب حەسۆ پەردە لەسەر نهێنییەکانی سەردانی شاندێکی باکوور بۆ قامیشلۆ لادەبات

غەریب حەسۆ پەردە لەسەر نهێنییەکانی سەردانی شاندێکی باکوور بۆ قامیشلۆ لادەبات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

21/2/2026

لە لێدوانێکی تایبەتدا، غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (TEV-DEM)، زانیاریی هەستیار لەسەر وەرچەرخانێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا دەکات. حەسۆ ئاماژە بەوە دەدات کە لە 25ی کانوونی دووەمی 2026، شاندێکی هاوبەشی "حکومەت، ئاسایش و نوێنەرایەتی ئیمراڵی" بە پەیامێکی توندی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە گەیشتوونەتە قامیشلۆ.


بەپێی گوتەکانی حەسۆ، عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ڕێگەی ئەو شاندەوە هۆشدارییەکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی ئەنقەرە کردووە و ڕایگەیاندووە: "ئێوە ناتوانن لە تورکیا باس لە ئاشتی بکەن و لە سووریاش کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بکەنەوە. ئەگەر دەست لەو سیاسەتە هەڵنەگرن، من لە پڕۆسەی ئاشتی دەکشێمەوە و ئیتر بڕیار لای قەندیل و گەلی کوردە کە چۆن وەڵامتان دەدەنەوە."


حەسۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پێش دەستوەردانی ئۆجالان، لایەنی تورکی و هەندێک لایەنی تر (وەک ئەحمەد شەرع) مەرجی زۆر توندیان سەپاندبوو، لەوانە ڕادەستکردنی تەواوی هێزە سەربازییەکانی ڕۆژئاو، هەروەها خوێندن بە زمانی کوردی تەنها وەک وانەیەکی بیانی (هاوشێوەی ئینگلیزی) بۆ ٢ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا.


بەڵام دوای گوشارەکانی ئۆجالان و پشتیوانیی بەرپرسانی باڵای هەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان (باشوور، ڕۆژهەڵات و باکوور)، تورکیا ناچار بووە لە مەرجەکانی پاشەکشە بکات و داواکارییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پەسەند بکات.


هاوسەرۆکی TEV-DEM جەختی کردەوە کە تورکیا تێگەیشتووە ڕاگرتنی پڕۆسەی ئاشتی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ناوخۆی وڵاتەکەی دروست دەکات، هەر بۆیەش ڕێگەی داوە بەو شاندە کە بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە و لە ڕێگەی دەروازەی نسێبینەوە بێنە ناو خاکی ڕۆژئاوا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.


خاڵێکی گرنگی دیکەی قسەکانی حەسۆ، ئاماژەدانە بەوەی کە تەنها ئۆجالان نەبووە، بەڵکو بەرپرسانی باڵای باشوور، ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان پێکەوە فشار و دەستوەردانیان کردووە. ئەمە نیشانەی جۆرێک لە کۆدەنگییەکی نەتەوەییە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا لەم قۆناغە هەستیارەدا


;