Apora Logo

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە

ئاپۆرا نیوز- بەشی هەواڵ

21/2/2026

ئەمڕۆ 21ی شوبات، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە؛ ئەو یادەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک سەنگەرێک بۆ پاراستنی کولتوور و ناسنامەی گەلان دیاریی کردووە، لە کاتێکدا زمانەکان لەبەردەم هەڕەشەی سڕینەوەیەکی خێرادان.


بەپێی نوێترین داتاكانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە جیهاندا 8,324 زمان تۆمارکراون و بەڵام لە ئێستادا تەنیا نزیکەی 7,000 زمان بۆ ئاخاوتن و نووسین بەکاردێن بە شێوەیەکی تێکڕا، هەر دوو هەفتە جارێک زمانێک بە یەکجاری لە جیهاندا لەناودەچێت.


ئامارەکان ئاماژە بە ڕاستییەکی تاڵ دەکەن؛ سەرەڕای بوونی هەزاران زمان، بەڵام لە جیهانی دیجیتاڵی و سیستەمی پەروەردەدا تەنیا چەند سەد زمانێک جێگەیان بووەتەوە. ئەمەش وایکردووە زمانەکانی دیکە نەتوانن هاوشانی تەکنەلۆژیا بڕۆن و لە مەترسیی فەوتان نزیک ببنەوە.


ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1999 لە لایەن ڕێکخراوی یۆنیسکۆوە ڕاگەیەندرا، دواتر لە ساڵی 2008 لە لایەن ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی ناسێنرا، ئەمەش بە مەبەستی هاندانی دەوڵەتان بۆ پاراستنی زمانە ڕەسەنەکان.


زمان ناسنامه‌ و كۆڵه‌كه‌ی ژیان و مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانه‌كه‌ی لێ بسه‌نرێته‌وه‌، خۆشی له‌ناو ده‌چێت و ده‌فه‌وتێت. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆییشی نه‌بێت، به‌ڵام زمانه‌كه‌ی خۆی بپارێزێت، هه‌رگیز نامرێت و هه‌ر ڕۆژێك دێت كه‌ سه‌ر ده‌كه‌وێت و سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت

یۆنسكۆ، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ زمانی دایك گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌، بۆیه‌ چه‌ندین راپۆرت‌و كۆنفرانس‌و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه‌ به‌ مه‌به‌ستی رزگاركردنی زمانه‌كان له‌ مردن‌و پارێزگاریكردنیان.


گه‌لی كورد، كه‌ وڵات و خاكه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ ساڵانێكی زۆره‌ پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌ و له‌و نێوه‌نده‌شدا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر هه‌وڵدراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كلتور و فه‌رهه‌نگ و زمانه‌كه‌ی له‌ ناو ببرێت و بتوێنرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ی داگیركه‌ران تا ئێستاش به‌ ئامانج نه‌گه‌یشتووه ‌و كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی كۆن زمانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، كه‌ له‌ چه‌ندین دیالێكت پێكهاتووه‌ (كرمانجی خواروو، كرمانجی سه‌روو، ناوه‌ڕاست، گۆران)، به‌ڵام تا ئێستا دیالیكتێكی زمانی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی كورد نییه‌ له‌ نووسین و بواری ئه‌ده‌بییدا هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ كوردان كه‌متر ئاشنای نووسین و به‌رهه‌می نووسه‌رانی پارچه‌كانی تربن.


لەگەڵ ئەوەی کوردان بەسەر چوار دەوڵەتی سەردەستدا دابەشکراون، بەڵام زمانی کوردیی بە بەهێزیی ماوەتەوە و تەواوی هەوڵيکانی داگیرکەران بۆ سڕینەوەی شکستیان هێناوە، هەروەها زمانی کوردی لە هەردوو پارچەی باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان گەشەیەكی زۆری كردوە و باشوری کوردستانیش زمانی کورد زمانی فەرمی ناوەندەکانی خوێندنیەتی.


;