گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، دوای ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی ناوخۆی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ دۆخی ناوخۆی ئێرانی بە "کارەساتبار" ناوبرد و ڕایگەیاند کە 32 هەزار مەدەنی لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. لە بەرانبەردا، عێراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) داوای بەڵگەی لە ترەمپ کرد و ڕایگەیاند کە ئامارە فەرمییەکان تەنیا 3117 قوربانی نیشان دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە ڕێکخراوی "هەرانا" باس لە بوونی زیاتر لە 7 هەزار کوژراوی پشتڕاستکراوە دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە کاتی دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا، ناوەندگیرەکان زەرفێکی داخراویان لە لایەن ئەمریکاوە گەیاندووەتە شاندی ئێران کە پێشنیازی تایبەت بە "بەرنامەی موشەکی" تێدابووە، بەڵام عێراقچی ڕەتیکردووەتەوە زەرفەکە بکاتەوە و دەستبەجێ گەڕاندوویەتییەوە.
مەرجەکانی کۆشکی سپی بۆ ڕێککەوتن:
• وەستاندنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم.
• ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.
• کۆتاییهێنان بە بەرنامەی پەرەپێدانی موشەکی.
رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكدا رایگەیاند، مۆڵەتی 10 بۆ 15 ڕۆژی داوەتە تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و هۆشداری داوە کە ئەگەر شکست بهێنن "شتی زۆر خراپ ڕوودەدات". هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بیر لە "هێرشێکی سنووردار" دەکاتەوە بۆ سەر ئێران وەک ئامرازێکی فشار. بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن پلانە سەربازییەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
لە بەرانبەردا عێراقچی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ جارد کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف گەیشتوونەتە تێگەیشتنێک لەسەر "هێڵە گشتییەکان"، بەڵام ئەوە بە واتای ڕێککەوتنی کۆتایی نایەت. عێراقچی جەختی کردەوە کە بژاردەی سەربازی تەنیا بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و هیوای خواست لە هەفتەی داهاتوودا خولێکی نوێی دانوستان دەستپێبکاتەوە.
لای خۆیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی لە توندبوونی زمان و جموجۆڵە سەربازییەکان دەربڕی و داوای گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی دەکات.
