Apora Logo

لێدوانێكی ترەمپ نرخی نەوتی دابەزاند

لێدوانێكی ترەمپ نرخی نەوتی دابەزاند

ئاپۆرا نیوز- بەشی ئابوورى

21/2/2026

ڕۆژی هەینی، بازاڕەکانی نەوت گۆڕانکارییەکی پێچەوانەیان بەخۆوە بینی دوای ئەوەی نرخەکان گەیشتبوونە بەرزترین ئاستی شەش مانگی ڕابردوو، لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران بووە هۆی دابەزینی نرخەکان و کۆتاییهێنان بە بەرزبوونەوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو.


نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور کە 72 دۆلاریشی تێپەڕاندبوو، بۆ نزیکەی 71.64 دۆلار دابەزی.


نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش نزیکەی 30 سەنت دابەزی و بە 66 دۆلار و 36 سەنت داخرا.


هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە لەناکاوە دوای بەرزبوونەوەیەکی بەردەوام، بۆ لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە ڕایگەیاند: "بژاردەی هێرشێکی سنووردار بۆ سەر ئێران لەبەرچاو دەگیرێت." ئەم لێدوانە ترسی بازاڕی لە ڕوودانی جەنگێکی گشتگیر و پچڕانی گەورەی هەناردەی نەوت کەمکردەوە، کە پێشتر بەهۆی هەڕەشە توندەکانی ئەمریکا نرخەکان گەیشتبوونە بەرزترین ئاستی 6 مانگی ڕابردوو.


ترەمپ چەندین جار هۆشداری داوەتە تاران کە ئەگەر مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ نەکەن و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان نەبن، "شتی خراپ ڕوودەدات". ئەم گرژییە سیاسییانە وەک بزوێنەری سەرەکی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەمێننەوە.

;