Apora Logo

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کەوتنی خامنەیی گەرەنتی سەقامگیری ناکات

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کەوتنی خامنەیی گەرەنتی سەقامگیری ناکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

21/2/2026

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کەوتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا، گەرەنتی سەقامگیری ئەو وڵاتە ناکات؛ هۆشداریشیان داوە کە ئەگەری زۆرە توندڕەوەکانی نێو سوپای پاسداران دەسەڵات بگرنە دەست.


بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ستراتیژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بنەڕەتدا پشت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەبەستێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، پێش ئەوەی پەنا بۆ بژاردەکانی دیکە ببرێت.


هاوکات، بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەر ڕێککەوتنێک تەنیا چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بگرێتەوە، ڕەنگە وەک "دەستکەوت" بۆ تاران هەژمار بکرێت. ئەمەش نیشانەی نیگەرانییە لە ناوخۆی ئەمریکا کە ڕێککەوتنێکی سنووردار ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ئێران بەبێ چارەسەرکردنی دۆسیەکانی دیکە.


ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، بەرپرسانی پێنتاگۆن کار دەکەن بۆ گواستنەوەی سەکۆکانی بەرگریی ئاسمانی زیاتر بۆ ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران.


بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریکا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە ئەگەر واشنتن دەستپێشخەری بکات لە وەشاندنی گورزی سەربازی.


ڕۆژی هەینی، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" کە گەورەترینە لە جیهاندا، لە کاتی چوونە ناو دەریای ناوەڕاست بینراوە. ئەمەش لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکان دێت بە فەرمانی تڕەمپ، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران.



;