Apora Logo

نرخی زێڕ بۆ ئاستێکی پێوانەیی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبووەوە

نرخی زێڕ بۆ ئاستێکی پێوانەیی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبووەوە

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

21/2/2026

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ داخرانی بازاڕە جیهانییەکان، نرخی زێڕ بازدانێکی مێژوویی تۆمارکرد و نرخی ئۆنسەیەک 5 هەزار دۆلاری تێپەڕاند؛ ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.


لە کۆتا مامەڵەکانی ئەمڕۆدا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 111 دۆلار بەرزبووەوە و بە 5108 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات لە مامەڵەکانی ئایندەشدا نرخەکە 83 دۆلار هەڵکشا و گەیشتە 5080 دۆلار.


لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەم نرخە نوێیەی ئۆنسە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 20 هەزار دینار بەرزببێتەوە. بەمەش نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار دینار، لە کاتێکدا ڕۆژی پێنجشەممە بە ملیۆنێک و 83 هەزار دینار بووە.


هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم هەڵکشانە چیین؟


1- کێشە سیاسی و گومرگییەکانی ئەمریکا

دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیارێکی دژی دۆناڵد تڕەمپ دا و ئەو پێناسە گومرگییانەی هەڵوەشاندەوە کە ساڵی ڕابردوو سەپاندبوونی. لە بەرامبەردا تڕەمپ ڕایگەیاند کە پێناسی گومرگی لەسەر تەواوی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا بە ڕێژەی %10 زیاد دەکات، ئەمەش ترس و نادڵنیایی لە بازاڕەکاندا دروست کردووە.


2- داتاکانی گەشەی ئابووری

گەشەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی (GDP) ئەمریکا لە چارەکی چوارەمی 2025 بۆ %1.4 دابەزیوە، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینی دەکرا %2.8 بێت. ئەم دابەزینە وای کردووە وەبەرهێنەران زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام ببینن.


3- گرژییەکانی واشنتۆن و تاران:

هۆشدارییە توندەکانی تڕەمپ بۆ ئێران و دیاریکردنی مۆڵەت بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، ترسی پێکدادانی سەربازی لای وەبەرهێنەران زیاد کردووە و خواست لەسەر زێڕی بەرزکردووەتەوە.


جۆزێف کاڤاتۆنی، ستراتیژییناسی باڵا لە ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، پێی وایە بڕیارەکەی دادگەی باڵا نادڵنیاییەکان کۆتایی پێناهێنێت و زێڕ وەک پارێزەرێک بەرامبەر بە هەڵاوسان دەمێنێتەوە. هەروەها شرۆڤەکارانی بانکی ING ئاماژە بەوە دەکەن کە مەترسییە جیۆسیاسییەکان نرخەکە بە بەرزی دەهێڵنەوە.

;