Apora Logo

ئیسرائیل فشار لەسەر حکومەتی شەرع دەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی

ئیسرائیل فشار لەسەر حکومەتی شەرع دەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی

ئاپۆڕا نیوز-هەواڵ

20/2/2026



ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار، ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پێشنیارێکی وردی پێشکەش کردووە بۆ ڕێککەوتنی نوێی ئەمنی لەگەڵ سوریا. ئەم پێشنیازە نەخشەی ناوچە داماڵراوەکان لەخۆدەگرێت کە لە دیمەشقەوە تا سنووری ئیسرائیل درێژدەبێتەوە. 

تا ئێستا دیمەشق وەڵامی فەرمی نەداوەتەوە بەڵام کار لەسەر پێشنیازی دژە. بڕیارە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و ڕۆن دێرمەر وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل لەگەڵ تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا لە میانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە لەندەن وردەکاری ڕێککەوتنەکە تاوتوێ بکەن. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دانوستانەکان "پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینن"، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نییە.


ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، سوپای سوریا نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر دەستیکردووە بە کشاندنەوەی چەکی قورس لە باشووری ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکان. ئەم کشانەوەیە ئەو ناوچانەی لەخۆگرتبوو کە تا ١٠ کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە درێژدەبنەوە.


بەگوێرەی ئاکسیۆس، پێشنیازی ئیسرائیل لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی کامپ دەیڤید لەگەڵ میسر لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزراوە، کە نیمچە دورگەی سینایان بەسەر سێ ناوچەدا دابەشکردووە و ڕێککەوتنی ئەمنی جیاوازە. پێشنیازەکە پێشنیاری دابەشکردنی باشووری ڕۆژئاوای دیمەشق دەکات بۆ سێ زۆن، ئاستی بوونی هێزەکانی سوریا و جۆرەکانی ئەو چەکانەی کە ڕێگەپێدراون دیاری دەکرێت.

 ئەو مەرجانە بریتین لە فراوانکردنی ناوچەی پاراستن بە دوو کیلۆمەتر، قەدەغەکردنی بوونی هێزی سەربازی و چەکی قورس لە کەرتی سنووری، ڕێگەدان بە تەنها پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، هەروەها سەپاندنی ناوچەی قەدەغەکردنی فڕین بەسەر ئەو ناوچەیەدا کە لە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقەوە تا سنوور درێژدەبێتەوە.


ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە داواکارییەکانی ئیسرائیل بە "توندڕەو" دادەنرێت و بە پلەی یەکەم ئامانجی ڕێگریکردنە لە هەر "رێڕەوی ئاسمانی" ئێران لە ڕێگەی سوریاوە کە ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل لە داهاتوودا بۆ سەر ئێران. کەناڵی جەزیرە لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی لە حکومەتی سوریادا ڕایگەیاندووە کە هەر قسەیەک لەسەر ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل "مەرجدارە بە کشانەوەی لە پۆستەکانی پێش ٨ی کانوونی دووەم"، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر لێکتێگەیشتنێک دەبێت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی جیابوونەوە لە ساڵی ١٩٧٤ بێت و گەرەنتی سەروەری سوریا بکات.


لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا پاڵپشتی خێراکردنی دانوستانەکان دەکات بە مەبەستی گەیشتن بە "پێشکەوتنێک" کە لە میانی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا ڕابگەیەنرێت، کە ئەمەش دەرفەتێکە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی دەستکەوتێکی دیپلۆماسی بخاتەڕوو. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر ڕێککەوتنێکی سنووردار بە "دەستکەوت" دادەنرێت بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی "هێڵی توند"ی ئیسرائیل و دۆخی لاوازی سوریا دوای ڕووداوەکانی سوەیدە لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا.


لە دانوستانەکاندا باس لە دۆخی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوی سوریا نەکراوە، بەڵام سەرچاوە سوورییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو پرسە "بۆ داهاتوو" بەجێدەهێڵرێت. بەپێی زانیارییەکان، پێشنیارێکی نافەرمی ئیسرائیل بۆ دەستبەرداربوون لە جۆلان لە بەرامبەر کشانەوەی لە باشووری سوریا لەلایەن لایەنی سوریاوە بە ناجێگیری ڕەتکرایەوە. بەگوێرەی سەرچاوە مەیدانییەکان، سەرۆکی سوریا هەوڵدەدات خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور بگرێت و بەپێویستی دەزانێت کەمکردنەوەی سەقامگیری بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری، لەکاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەکانی باشوور و کۆکردنەوەی زانیارییەکانی دانیشتوان.


لە چاوپێکەوتنێکی پێشوودا، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریا دووپاتیکردەوە کە پرسی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل "لەسەر مێزدایە بەڵام هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە"، لەگەڵ ئەگەری کۆبوونەوەیەک لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کە دەبێتە یەکەمین سەرۆکی سوریا لە دوای ساڵی 1967ەوە کە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەدا بکات.

;