ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2016، کۆمەڵگەی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی (پەروێزخان و حاجی ئۆمەران) ئاگادارییەکی گرنگیان ئاراستەی گەشتیاران کرد سەبارەت بە گەشتکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئۆتۆمبێلی تایبەت.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، لە ڕێککەوتی 1ی ئاداری 2026 (سەرەتای مانگی داهاتوو) بەدواوە، گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ ناو خاکی ئێران بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت. بڕیارەکەش بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەو هاووڵاتییانەیە کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی (شەخسی) خۆیان گەشت بکەن.
لەبارەی هۆکارەی بڕیارەکەش بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکان ڕایانگەیاند، کە ئامانج لە بڕیارەکە خزمەتکردن و باشتر ڕێکخستنی کاروباری گەشتیارانە بە میکانیزمی گونجاوتر.
ئاشکراشیانکردووە، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی دووبارەی هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەکان ئەژمار دەکرێت.
جەختیشیانکردووەتەوە، کە ئەم ڕاگرتنە کاتییە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان کاتێک دەستپێدەکاتەوە کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی و میکانیزمی نوێ دەربکەن و ڕێکارە هونەری و کارگێڕییەکان لە دەروازەکان کۆتاییان بێت.
لە کۆتاییدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، پاش تەواوبوونی پڕۆسەی ڕێکخستنەوەکە، دەروازە سنوورییەکان بە شێوەیەکی فەرمی کاتی دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەگەیەنن.
