Apora Logo

ڕووسیا: مانۆڕە سەربازییەکانمان لەگەڵ ئێران پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نییە

ڕووسیا: مانۆڕە سەربازییەکانمان لەگەڵ ئێران پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نییە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

19/2/2026

ڕووسیا جەخت دەکاتەوە کە مانۆڕە دەریاییە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران، پڕۆسەیەکی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراون و ئامانج لێیان پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە، نەک وەڵامدانەوە بۆ گرژییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم مانۆڕانە زۆر پێش تێکچوونی دۆخی ناوچەکە هەماهەنگییان بۆ کراوە، کرێملین پێیوایە ناوچەکە بەرەو گرژییەکی بێ وێنە دەچێت، بەتایبەت لەگەڵ جووڵەی سەربازیی ئەمریکا بۆ ناوچەکە.


گوتیشی مۆسکۆ داوا لە ئێران و تەواوی لایەنەکان دەکات "دانبەخۆدابگرن" و کێشەکان تەنها لە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەن.


مانۆڕەکە لە دەریای عومان و باکووری زەریای هیندی بەڕێوەدەچێت و ئامانجە سەرەکییەکانی بریتین لە:

بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر ڕێڕەوە ئاوییەکان، جگە لەوەش قووڵکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ.


هاوکات لەگەڵ ئەم مانۆڕانە، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران مانۆڕێکی تریان بە ناوی "کۆنتڕۆڵکردنی زیرەکی گەرووی هورمز" ئەنجامدا. بەرپرسانی سەربازی ئێران ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ کۆنتڕۆڵکردن یان داخستنی ئەم گەرووە ستراتیژییە لە کاتی پێویستدا.


ئەم جووڵە سەربازییانەی ئێران هاوکاتن لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە شاری جنێڤ، کە نیشانەیەک وەک فشارێکی سەربازی لەسەر مێزی گفتوگۆکان لێکدەدرێتەوە.

;