Apora Logo

پـۆلیسی بەریتانیا بـرای پـاشا چارڵزی دەستگیرکرد

پـۆلیسی بەریتانیا بـرای پـاشا چارڵزی دەستگیرکرد

ئـاپـۆڕانیوز-بـەشی هەواڵ

19/2/2026

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند "ئەندرو"ی برای پاشا چارڵزی دەستگیر کرد. ئەم هەنگاوە دوای ساڵانێک لە تێوەگلانی ناوی ئەندرو دێت لە دۆسیە گوماناوییەکانی جێفری ئێپستین-ی بازرگانی پێشووی ئەمریکی.

ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنەکە لەلایەن پۆلیسی "وادی تەمز"ەوە ئەنجام دراوە و تێیدا لانی کەم هەشت ئۆتۆمبێلی پۆلیس چوونەتە سەر ماڵەکەی ئەندرو لە "وود فارم"، ئەوەش رێک لە رۆژی لەدایکبوونی 66 ساڵەیدا. پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە پیاوێکی تەمەن شەستەکانیان بە تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی پۆست و پێگەی گشتی" دەستگیر کردووە و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە لێکۆڵینەوەکە، دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە گومانی گواستنەوەی زانیاری و بەڵگەنامەی نهێنیی دەوڵەتەوە هەیە بۆ جێفری ئێپستین، لەو سەردەمەی کە ئەندرو وەک نێردەی بازرگانیی بەریتانیا کاری کردووە. لە لایەکی ترەوە، کێر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای لە ئەندرو و هەموو ئەو کەسانە کردووە کە زانیارییان لەسەر دۆسیەی ئێپستین هەیە، هاوکاریی دەسەڵاتە دادوەرییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا بکەن.

ئەم ڕووداوە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، پاشا چارڵزی سێیەم بڕیاری دا هەموو نازناوە شاهانەکان لە ئەندروی برای وەربگرێتەوە و لە کۆشکی "ڕۆیاڵ لۆدج"یش دەری بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی ناوبانگی خێزانی شاهانە لەو فەزیحە ئەخلاقی و یاساییانەی کە بەرۆکی ئەندرۆیان گرتووە.

;