Apora Logo

قەرەبووی حاجیان دەکرێتەوە

قەرەبووی حاجیان دەکرێتەوە

ئاپۆڕا نیوز-هەواڵ

18/2/2026



بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراقی، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی بڕە پارەیەک بۆ ئەو حاجیانە دەستپێکرد کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی گۆڕانکاریی لە گەشتەکانیان زیانیان بەرکەوتبوو.


ئەو حاجیانەی ساڵی ڕابردوو بە گەشتی ئاسمانی چووبوون، بەڵام بەهۆی ڕوداوەکانەوە ناچاربوون بە ڕێگەی وشکانی (پاس) بگەڕێنەو، بڕی 80 هەزار دینار وەک قەرەبوو بۆ هەر حاجییەک دەگەڕێندرێتەوە.


حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، نزیکەی 3 هەزار و 400 حاجی لەم بڕە پارەیە سوودمەند دەبن و پڕۆسەکەش پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین، گەرمیان و هەڵەبجە دەگرێتەوە.


مەرج و کاتی وەرگرتن:


١. پڕۆسەکە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا هەفتەی داهاتوو سەرجەم حاجیان پارەکە وەربگرن.


٢. پێویستە حاجییەکە خۆی ئامادە بێت، یان لە ڕێگەی بریکارنامەی فەرمی یان کوڕ و خزمێکی نزیکی بێت بە مەرجێک بەڵگەنامەی پێبێت بۆ پەنجەمۆر و وەرگرتنی پارەکە.

;