واشنتۆن بە ڕوونی ڕایگەیاند، کە گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هێڵی سوورە و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی وتەبێژەکەیەوە، کاریسا گونزالیس، هەڵوێستی فەرمی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ ڕوونە؛ هەڵبژاردنی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران، واشنتۆن ناچار دەکات هەڵسەنگاندنەوەی تەواو بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بکات."
بە وتەی گونزالیس، کاندیدکردنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا "دەرئەنجامێکی نەرێنی" بۆ گەلی عێراق دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر لایەنە عێراقییەکان لەسەر ئەم بژاردەیە سوور بن، ئەمریکا پەنا بۆ ڕێوشوێنی توندی دیپلۆماسی دەبات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سێ داواکاری سەرەکی وەک نەخشەڕێگا بۆ هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی داهاتووی عێراق دەستنیشان کردووە:
1- کۆتاییهێنان بە هەژموونی میلیشیاکان: پێویستە دەسەڵاتی ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بە ئێرانن لە گۆڕەپانی سیاسی کۆتایی پێ بهێنرێت.
2- کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئێران: پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەو هەژموون و پێگەیەی ئێران لە ناوخۆی عێراقدا هەیەتی.
3- هاوبەشی ئابووری نوێ: بنیاتنانی پەیوەندییەکی بازرگانی و ئابووری بەهێز لەگەڵ ئەو هاوبەشانەی کە لەگەڵ ئامانجەکانی واشنتۆن هاوڕان.
لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی تا ئێستا سوورە لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی، بەڵام ئەم بڕیارە نەک تەنها لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵکو لەلایەن بەشێکی زۆری هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراقیشەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند بووەتەوە.
