Apora Logo

پەرلەمانی عێراق هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی "خزمەتی سەربازی زۆرەملێ" دەستپێدەکاتەوە

پەرلەمانی عێراق هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی "خزمەتی سەربازی زۆرەملێ" دەستپێدەکاتەوە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

18/2/2026

پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دووبارە خستنەڕووی پڕۆژەیاسای "خزمەتی سەربازی زۆرەملێ" لەناو کۆمەڵێک یاسای گرنگدا. ئامانجی سەرەکی یاساکەش وەک باس دەکرێت، بەهێزکردنی دیسپلین و چەسپاندنی بەهاکانی هاوڵاتیبوونە لەنێو گەنجاندا.


سەفا جابری، ئەندامی کوتلەی سادقون ڕایگەیاند: "لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ خوێندنەوەی یاساکانی پێشوو و ئامادەکردنی خشتەیەکی نوێ بۆ یاسادانان." ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشبینی دەکرێت دوای هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەم یاسایە ببێتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکان.

پەرلەمانتاران سەبارەت بە یاساکە دیدگای جیاوازیان هەیە لەم بارەیەوە نورا جەحیشی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سەروەری جەختی کردەوە کە تێپەڕاندنی یاساکە پەیوەستە بە ڕێککەوتنی سیاسی و دەبێت دادپەروەری تێدا بێت و ڕەچاوی بارودۆخی ئابووری گەنجان بکات.


هەروەها پەرلەمانتار محەمەد هادی شەمەری، یاساکەی بە "جێی مشتومڕ و زیندوو" وەسف کرد و وتی: "ئامانج تەنها سەربازی نییە، بەڵکو ئاوێتەکردنی گەنجانی پارێزگا جیاوازەکانە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی."


لای خۆیەوە عیماد یۆخەنا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە پابەندییەکی دەستوورییە بەپێی ماددەی (9/ دووەم) و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت بۆ دامەزراندنی خۆبەخشەکان.

سیستمی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لە عێراقدا تا ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی پێشوو بەردەوام بوو دواتر لەلایەن پۆڵ بریمەر، حاکمی مەدەنی ئەمریکی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا و سوپای عێراق لەسەر بنەمای خۆبەخشی دووبارە پێکهێنرایەوە. ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە، هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو یاسایە دەستیان پێکردووەتەوە.


;