مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند، دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ بیروباوەڕی ئەواندا ناگونجێت و تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانە کار دەکەن.
پزیشکیان ڕاشیگەیاند، کە ئەمە تەنها ڕایەکی کەسی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بنەماکانی دەسەڵات لە ئێران وتی: ڕاگەیاندنی من گرنگ نییە، بەڵکو فەتوا و سیاسەتی ڕێبەری باڵا لە ڕووی بیروباوەڕەوە گرنگە؛ ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە دوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نین و ناشبین."
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی هیچی نییە بۆ شاردنەوە و ڕایگەیاند: بە هەر شێوەیەک بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بێن و پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان بکەن.
جەختیشیکردەوە کە دەستبەرداری پیشەسازی ئەتۆمی نابن بۆ مەبەستەکانی (پزیشکی، کشتوکاڵی و پیشەسازی)، چونکە ئەمە بۆ پێشکەوتنی وڵاتە نەک بۆ جەنگ.
پزیشکیان ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەوڵی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن وتی: "هیوادارین جیهان و ئەمریکا بزانن کە بابەتی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی تەنها پڕوپاگەندەیە و دەیانەوێت بەسەرماندا بسەپێنن، بەڵام ئەمە لەگەڵ بیروباوەڕی ئێمەدا جیاوازە."
