سەندیکای مامۆستایانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ماتەمینی گشتیی بۆ خوێندکار و مامۆستا کوژراوەکان ڕاگەیاند و داوا لە هەموو مامۆستایان، پەروەردەکاران و خێزانی خوێندکاران دەکات ڕۆژی چوارشەمە نەچنە خوێندنگە.
ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی هەماهەنگی سەندیکای مامۆستایانی ئێران بەناوی “بۆ مێزی بەتاڵ، بۆ خەونە تەواونەکراوەکان” سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتیی بۆ خوێندکار و مامۆستا کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەدەستی ڕژێمی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، داوا لە هەموو مامۆستایان، پەروەردەکاران و خێزانی خوێندکاران دەکەین کە ڕۆژی چوارشەمە نەچنە خوێندنگە و بەشداری لە مەراسیمی ماتەمینی خوێندکار و مامۆستا کوژراوەکان بکەن و سەرەخۆشی لە خێزانە خەمبارەکان بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر خوێندکاران لەسەر شەقامەکان سەلامەت نەبن و ئەگەر خوێندنگەکان ببنە شوێنی دەستبەسەرکردن لە جیاتی شوێنی خوێندن، بێدەنگیمان ئەم کارەساتە قوڵتر دەکاتەوە، بەرگریکردن لە خوێندنگەکان بەرگریکردنە لە داهاتوو، مافی ژیان لە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنێکی ترەوەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، بەڵام ڕژێمی ئێران بە فیشەک و دەستبەسەرکردن، بڵاوکردنەوەی فشارە ئەمنییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر لەنێو گەڕەکەکان و شەقامەکان وەڵامی داواکارییەکانی گەل دەداتەوە و ڕێگری لەسەر هەڵدانەوەی شۆڕشێکی دیکەی هاوشێوەی “ژن ژیان ئازادی” دەکات.
جێی باسە، لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تا ئێستا حەوت هەزار و ١٥ کەس کوژراون و ٥٣ هەزار و ٥٥٢ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ٢٥ هەزار و ٨٤٥ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
