ئوسترالیا بە فەرمی ئاشکرای دەکات، هیچ هاوکارییەک پێشکەشی ئەو خێزانە ئوسترالییانە ناکات کە لە کەمپەکانی باکووری سووریادان و سەر بە ڕێکخراوی داعشن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و هەر هاووڵاتییەکی ئوسترالی بگەڕێتەوە و پێشتر تاوانی ئەنجام دابێت، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، 34 هاووڵاتیی ئوسترالی (11 خێزان) کە پێشتر لە کەمپی ڕۆژ لە باکووری سووریا ئازاد کرابوون، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، دوای ماوەیەکی کورت دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ ناو کەمپەکە؛ بەرپرسێکی سووریش دەڵێت: "کێشەکە تەنیا ڕێکارێکی کارگێڕییە و لە ئایندەیەکی نزیکدا چارەسەر دەبێت بۆ ئەوەی بەرەو دیمەشق و پاشان ئوسترالیا بەڕێ بکەون".
بەڕێوەبەرایەتیی کەمپی ئاماژەی بەوەشکردم کە هیچ هەماهەنگییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا یان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا نییە سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، بەڵکو بڕیارە خێزانەکان ڕەوانەی دیمەشق بکرێن و لەوێوە لەلایەن کەسوکاریانەوە وەربگیرێن بۆ تەواوکردنی گەشتەکەیان.
هاوکات، کەمپی ڕۆژ لە گوندەواری مالیکییە، یەکێکە لە کەمپە سەرەکییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و نزیکەی 710 خێزان (2201 کەس) لە 40 ڕەگەزنامەی جیاواز تێیدا نیشتەجێن.
