Apora Logo

عێراقچی: بۆ ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە ئامادەین، بەڵام تەسلیمی هەڕەشە نابین

عێراقچی: بۆ ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە ئامادەین، بەڵام تەسلیمی هەڕەشە نابین

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

16/2/2026

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری تیمێکی تەکنیکی گەیشتە سویسرا بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا و ڕایگەیاند کە تاران بە "بیرۆکەی ڕاستەقینە"وە هاتووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بە مەرجێک دوور بێت لە هەڕەشە و سەپاندنی ئیرادە.


عێراقچی ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ تیمێکی پسپۆڕی ئەتۆمی، کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی ورد لەگەڵ ڕافایێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەنجام دەدات. هەروەها بڕیارە پێش دەستپێکردنی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆببێتەوە کە وڵاتەکەی ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت.


ئەوەی ئەم گەڕەی دانوستانانە جیاواز دەکات، ئامادەبوونی تیمی نزیک لە دۆناڵد ترەمپە. کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کۆشنەر، زاوای ترەمپ، بۆ بەشداریکردن لەم گفتوگۆیانە لە جنێفن.


ئەم دانوستانانە لە کاتێکدایە کە ئێران لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵدا، شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی بەخۆوە بینی. لە لایەکی تریشەوە، هەرچەندە واشنتن هەڕەشەی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی دەکات، بەڵام هاوکات دەرگای بۆ چارەسەری دیپلۆماسی و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بە کراوەیی هێشتووەتەوە.


;