Apora Logo

ڕۆژنامەی جمهوریەت: کورد لە سوریا شکستی نەهێنا و تورکیا لەبەردەم واقیعێکی نوێدایە

ڕۆژنامەی جمهوریەت: کورد لە سوریا شکستی نەهێنا و تورکیا لەبەردەم واقیعێکی نوێدایە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

16/2/2026

ڕۆژنامەی "جمهوریەت"ی تورکی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی پرسی کورد لە سوریا، بەتایبەت دوای کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن. ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نەخشەی سیاسی ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کوردەکان چیدی وەک لایەنێکی پەراوێزخراو نین، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە شەرعییەتی نێودەوڵەتی.


بەپێی ڕاپۆرتەکە، غیابی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسەکەدا و ناردنی شاندێکی ئابووری و هەواڵگری (محەمەد شیمشەک و ئیبراهیم کاڵن)، ئاماژەیە بۆ ناڕەزایی ئەنقەرە لەو پێشهاتە نوێیانەی لە پشت پەردەوە لە ئارادان.


بەپێی شیکاری ڕاپۆرتەکە، بەشداریکردنی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر بوو لە وتووێژەکاندا. ئەوەی مایەی سەرنج بوو، دەرکەوتنی ئەم دوو سەرکردەیە بوو وەک بەشێک لە شاندی فەرمی دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا.


ئایدن سێزەر، شرۆڤەکاری سیاسی تورک، لە هەڵسەنگاندنێکدا بۆ ڕۆژنامەکە دەڵێت: "کورد لە سوریا نەک هەر شکستی نەهێناوە، بەڵکو ئێستا دان بە واقیعەکەیاندا نراوە. ئەمە لەژێر فشاری ئەمریکا و کۆنگرێسدا کراوە بۆ ئەوەی کوردەکان تێکەڵی حکومەتی ناوەندی ببن، بەو مەرجەی سوریا دابەش نەبێت." سێزەر جەخت دەکاتەوە کە ئەو پێکهاتەیەی لە ڕۆژاڤا دروست دەبێت، بونیادێکی خۆبەڕێوەبەری دەبێت کە هاوشێوەی مۆدێلی هەرێمی کوردستانی عێراقە.


ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە تورکیا تووشی شۆک بووە و چاوەڕوانی ئەم ئاستە لە جەماوەرییەتی و ناساندنەی کوردی نەکردووە. سێزەر دەڵێت: "ئێستا بە تورکیا دەڵێن: ئەم کەسانە بەشێکن لە شاندی فەرمی سوریا، بۆیە دەبێت ئەنقەرە ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق دانوستان لەسەر پرسی کورد بکات."


لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکرێت کە چیتر مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد وەک "تیرۆریست" نەبینێت. سێزەر دەڵێت: پێویستە تورکیا گەرەنتی ڕاستەقینە بداتە ئەم سەرکردانە، وەک چۆن پێشتر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان مامەڵە کرا، پێویستە ئەم نەرموونیانییە بۆ کوردانی سوریاش نیشان بدرێت.

;