سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لە دانیشتنەکانی پێشوودا، ئەمڕۆ دووشەممە نرخەکەی بۆ خوار ئاستی 5 هەزار دۆلار پاشەکشەی کرد.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە بازرگانان خەریکی چنینەوەی قازانجەکانیانن (Profit Taking) و بازاڕەکانی چینیش بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە داخراون. ئەم ڕاپۆرتە وردەکاری دابەزینی نرخەکان و پێشبینی بانکە جیهانییەکان بۆ داهاتووی ئەم کانزا بەهادارە دەخاتە ڕوو.
بەپێی دوایین ئامارەکان ئۆنسەیەک زێڕ بە ڕێژەی 1% دابەزی و گەیشتە 4,991.75 دۆلار.
هەروەها زیو زیانێکی گەورەتری بەرکەوت و بە ڕێژەی 2.5% دابەزی بۆ 75.46 دۆلار.
زێڕ لە کۆتایی مانگی ڕابردوو ریکۆردی 5,595 دۆلاری شکاند، بەڵام دواتر بۆ خوار 4,500 دۆلار دابەزی.
سەرەڕای ئەم دابەزینە کاتییە، زۆرێک لە بانکە جیهانییەکان پێشبینی دەکەن زێڕ بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی بەرزبوونەوە. هۆکارە سەرەکییەکانیش بریتین لە؛
1- بەردەوامی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان.
2- گومانەکان لەسەر سەربەخۆیی بانکی ناوەندی ئەمریکا.
3- دوورکەوتنەوەی وەبەرهێنەران لە دراوە تەقلیدییەکان و پەنابردن بۆ زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام.
