Apora Logo

وەزارەتی کارەبای عێراق: بەھۆی ڕاگرتنی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە 4500 میگاوات لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق کەمبووەتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق: بەھۆی ڕاگرتنی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە 4500 میگاوات لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق کەمبووەتەوە

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

15/2/2026

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا ڕایگەیاند کە بەھۆی ڕاگرتنی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە، 4500 میگاوات لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق کەمبووەتەوە.


ئەحمەد موسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکانی عێراق ڕایگەیاند، لەئێستادا، بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق، 17 ھەزار میگاواتە و ڕاشیگەیاندووە کە لە وەرزی ھاویندا بۆ دابینکردنی کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتییان و دامەزراوەکانی دەوڵەت، پێویستیان بە 30 ھەزار میگاوات ھەیە.


گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق باسی لەوەشکردووە کە 13 ھەزار میگاوات کورتھێنانیان لە سیستەمی کارەبای نیشتمانیی ھەیە و گوتوویەتی: "بەھۆی ڕاگرتنی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە،‌ چوار ھەزار و 500 میگاوات لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق کەمبووەتەوە کە ئەوەش کاریگەری لەسەر دابنیکردنی کارەبای نیشتمانیی بۆ ژمارەیەک پارێزگای عێراق دروست کردووە".


لە 23ی مانگی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای عێراق ڕاگەیاندبوو کە ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق بە تەواوی ڕاگیراوە.


ئاماژەی بەوەشداوە کە وەزارەتی کارەبای گرنگی بە پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا دەدات، بۆ ئەوەی کەمبوونی بەرھەمھێنان قەرەبوو بکاتەوە و ڕاشیگەیاندووە کە پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای وڵاتانی کەنداو بە کارەبای عێراق بەڕێژەی 94 لەسەدا تەواوبووە.


ئەحمەد موسا باسی لەوەش کردووە کە لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای وڵاتانی کەنداو بە کارەبای عێراق، کارەبای نیشتمانیی لەنێوان 500 بۆ 600 میگاوات لە ‌ڕێگای وێستگەکانی وەفرە و فاو بۆ پارێزگاکانی باشووری عێراق دابین دەکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ھەروەھا گوتوویەتی: "لە مانگی نیسانی داھاتوودا، قۆناغی دووەمی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای ئوردن بە کارەبای عێراق دەست پێ دەکات و لە میانیدا 150 میگاوات لە کارەبای نیشتمانی بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق دابین دەکرێت".


;