Apora Logo

ڕۆبیۆ: ترەمپ ئامادەیە لەگەڵ خامنەیی کۆببێتەوە ئەگەر لایەنی ئێرانی ئارەزوو بکات

ڕۆبیۆ: ترەمپ ئامادەیە لەگەڵ خامنەیی کۆببێتەوە ئەگەر لایەنی ئێرانی ئارەزوو بکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

14/2/2026

لە وەرچەرخانێکی نوێی دیپلۆماسیدا، واشنتن ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران نیشان دەدات؛ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە لەگەڵ عەلی خامنەیی کۆببێتەوە، بەو مەرجەی لایەنی ئێرانی ویستی ئاشتیانەی بۆ ئەو دیدارە هەبێت.


ڕۆژی شەممە (14ی شوباتی 2026)، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، ئەگەر بێت و ناوبراو ئارەزووی دیداری لەو شێوەیەی هەبێت.


ڕۆبیۆ لە لێدوانێکدا کە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە ئاماژەی بەوە کرد: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گونجاو لەگەڵ ئێران دەکات"، هەروەها وتیشی: "کۆبوونەوەکانی داهاتوو ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە تا چەند دەکرێت پێشکەوتنی بەرچاو لەم دۆسیەیەدا بەدەستبهێنرێت."


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە: "ترەمپ ئامادەیە بۆ بینینی ڕێبەری باڵای ئێران ئەگەر ئەو خۆی ئەو ئارەزووەی نیشان بدات"، ئاماژەی بەوەش کرد کە گفتوگۆ لە نێوان هێزە گەورەکاندا پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی ململانێ و شەڕ.


ڕۆبیۆ هۆشداریشی دا کە: "دەستبەرداربوون لەم جۆرە گفتوگۆیانە کارێکی نابەرپرسانەیە و ئەگەری گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر دەکات."


ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامییان هەیە، بەتایبەت دوای ساڵانێک لە ململانێی سیاسی و ناکۆکی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئەو سزایە ئابوورییانەی کە بەسەر تاراندا سەپێنراون، لەو کاتەوەی کە واشنتن لە ساڵی 2018دا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.

;