Apora Logo

ئەمریکا داوایەکی بەپەلە ئاراستەی ئەحمەد شەرع دەکات: "ئۆتۆنۆمی بدەنە کورد"

ئەمریکا داوایەکی بەپەلە ئاراستەی ئەحمەد شەرع دەکات: "ئۆتۆنۆمی بدەنە کورد"

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

14/2/2026

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە، ئەمریکا بە فەرمی داوای لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا کردووە، کە لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) "ئەوپەڕی نەرمی" بنوێنێت.


بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز کە لە زاری بەرپرسێکی باڵای رۆژئاواییەوە (کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت) گواستوویەتییەوە: "ئەمریکا خوازیاری پێدانی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییە بە کوردانی سوریا، بەو مەرجەی ئەو جۆرە لە خۆبەڕێوەبەرییە نەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر قەوارەی دەسەڵاتێکی ناوەندیی لە دیمەشق."


ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە واشنتۆن فشار دەخاتە سەر حکومەتی نوێی سوریا بۆ ئەوەی لە هەڵوێستە توندەکان دوور بکەوێتەوە و وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی، داواکارییەکانی کورد لەبەرچاو بگرێت.


سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا، بەرپرسانی حکومەتی کاتی و لایەنە کوردییەکان بۆ رۆیتەرز باسیان لەوە کردووە کە هێشتا سێ پرسی سەرەکی وەک "هێڵی سوور" و بێ چارەسەر ماونەتەوە:


1- تێکەڵکردنی هێزەکان: چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنی هەسەدە لەناو سوپای نوێی سوریادا.


2- چەکە قورسەکان: چارەنووسی ئەو چەکە قورسانەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دراونەتە هەسەدە.


3- دەروازە سنوورییەکان: رێوشوێنەکانی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و عێراق.


بەرپرسە رۆژئاواییەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا تا ئێستا لەو پێشکەوتنە بەراییانە رازییە کە لە پرۆسەی یەکخستنی هێزەکاندا لە سوریا بەدەستهاتوون، بەڵام جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد بە کلیلی سەقامگیریی داهاتووی وڵاتەکە دەبینێت.

;