لە پێشهاتێکی نوێدا کە جیهانی تەکنەلۆژیا و سیاسەتی هەژاندووە، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرای دەکەن کە سوپای ئەمریکا مۆدێلێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکردی بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا بەکارهێناوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، سوپای ئەمریکا مۆدێلی ژیریی دەستکردی (Claude)ی سەر بە کۆمپانیای "ئەنسرۆبیک"ی بەکارهێناوە بۆ ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ. ئۆپەراسیۆنەکە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە کەرەکاسی پایتەخت، هاوشانی هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا ئەنجامدراوە.
ژیریی دەستکرد چۆن هاوکاری سوپای کردووە؟
هەرچەندە وردەکارییە تەکنیکییەکان بە نهێنی ماونەتەوە، بەڵام شارەزایان ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەن:
1- شیکردنەوەی وێنەکان: بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی خێرای وێنەی مانگە دەستکردەکان.
2- کۆکردنەوەی زانیاری: کۆنترۆڵکردنی بڕێکی زەبەلاح لە زانیاریی هەواڵگری لە کاتێکی کەمدا.
3- بڕیاردانی خێرا: مۆدێلەکانی وەک (Claude) دەتوانن لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی وەک شەڕدا، پێشنیاری خێرا و ورد بدەنە فەرماندەکان.
کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد و پنتاگۆن
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (OpenAI) و (Google) و (xAI) ڕێککەوتنیان لەگەڵ سوپای ئەمریکا هەیە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکانیان. کۆمپانیای "ئەنسرۆبیک" کە خۆی وەک پارێزەری سەلامەتیی ژیریی دەستکرد دەناسێنێت، لە گفتوگۆدایە لەگەڵ پنتاگۆن بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە تەکنەلۆژیاکەی لە چەکی خۆکار و کوشندەدا بەکارنایەت.
ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە
لەو هێرشەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژراوە، لە کاتێکدا ڤەنزوێلا و کوبا کوژرانی دەیان سەرباز و کارمەندی ئەمنیی خۆیان ڕاگەیاندووە. وەزیری بەرگریی ئەمریکاش دووپاتی کردووەتەوە کە دەیانەوێت ژیریی دەستکرد لە هەموو کایە سەربازییەکاندا بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە کێبڕکێی لەگەڵ چین پێشەنگ بن.
