Apora Logo

بازدان لە نرخی زێڕ؛ ئۆنسەیەک 120دۆلار بەرزبووەوە و ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد

بازدان لە نرخی زێڕ؛ ئۆنسەیەک 120دۆلار بەرزبووەوە و ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

14/2/2026

لەگەڵ داخستنی بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی زێڕ بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینی و نرخەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. ئەم هەڵکشانە دوای هەفتەیەک لە ناجێگیری دێت کە تێیدا زێڕ توانی بەشێکی زۆری ئەو زیانانە قەرەبوو بکاتەوە کە پێشتر تووشی ببوو.


بەپێی دوایین داتاکان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 120دۆلار بەرزبووەتەوەو بە 5042 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات تەنها لەم هەفتەیەدڵ زێڕ 78 دۆلار چۆتە سەر نرخەکەی.


هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ؛

دوو هۆکاری سەرەکی رۆڵیان هەبووە لەوەی وەبەرهێنەران دووبارە روو لە کڕینی زێڕ بکەن وەک "پەناگەیەکی ئارام":


1- گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی دووەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا بۆ ناوچەکە و بنبەستبوونی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران، ترس و دڵەڕاوکێی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە.


2- ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا: داتاکانی مانگی کانوونی دووەم نیشانی دەدەن کە هەڵاوسان بۆ 2.4% دابەزیوە (کەمتر لە چاوەڕوانییەکان کە 2.5% بوو). ئەمەش هیوای زیاتری لای بازاڕ دروستکردووە کە بانکی ناوەندی ئەمریکا (FED) دەست بکات بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود.


سەرەڕای دابەزینی هەڵاوسانی گشتی، بەڵام هەڵاوسانی بنەڕەتی (Core Inflation) دابەزینێکی کەمی تۆمارکرد و لە 2.6%ـەوە بۆ 2.5% دابەزی.


دامەزراوەی "ڤایتاڵ نۆلیج" ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە ئامارەکان ئەرێنین، بەڵام چونکە هەڵاوسانی بنەڕەتی هاوتای چاوەڕوانییەکان بووە، پێناچێت گۆڕانکارییەکی رادیکاڵی لە سیناریۆکانی ئێستای بانکەکاندا دروست بکات.


جێی ئاماژەیە، پێش ئەم بەرزبوونەوەیە، بەهۆی بەهێزیی بازاڕی کار لە ئەمریکا و زیادبوونی هەلی کار لە کەرتی تایبەت، نرخەکان لەژێر گوشارێکی زۆردا بوون، بەڵام ئاڵۆزییە سیاسییەکان هاوسەنگییەکەیان بەلای بەرزبوونەوەدا شکاندەوە.

;