Apora Logo

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ٢٠٢٦ سەکۆی بڕیارە جیهانییەکان و پێگەی کورد لە نەخشەی نوێی ئەمنیدا

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ٢٠٢٦ سەکۆی بڕیارە جیهانییەکان و پێگەی کورد لە نەخشەی نوێی ئەمنیدا

ئا: ڕەنجدەر گڕاوی

13/2/2026


ئەمڕۆ ١٣ی شوباتی ٢٠٢٦ جارێکی تر شاری میونشنی ئەڵمانیا بووەتە ناوەندی سەرنجی جیهان کاتێک کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) دەرگاکانی بە ڕووی زیاتر لە ٤٥٠ سەرکردە، وەزیر و بڕیاربەدەستی باڵای جیهاندا کردەوە. ئەم کۆنفرانسە کە بە داڤۆسی بەرگری دەناسرێت لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت کە جیهان ڕووبەڕووی ئاڵێنگارییە گەورەکانی وزە جەنگە هەرێمییەکان و گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیا بووەتەوە.

کۆنفرانسی میونشن چییە و بۆچی گرنگە؟

ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی ١٩٦٣ەوە ساڵانە لە هوتێلی بایریشەر هۆف بەڕێوە دەچێت کۆنفرانسی میونشن تەنها کۆبوونەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو سەکۆیەکی نێودەوڵەتییە بۆ دیپلۆماسییەتی نافەرمی لێرەدا بڕیارنامەی فەرمی دەرناکرێت بەڵکو گرنگییەکەی لەو کۆبوونەوە دووقۆڵییانە دایە کە لە پشت پەردە و لە ژوورە داخراوەکاندا ئەنجام دەدرێن. ئەمساڵ تەوەری سەرەکی کۆنفرانسەکە بریتییە لە: ئاسایشی ئەوروپا، ململانێی زلهێزەکان لەگەڵ چین و ڕووسیا، و پاراستنی ئاسایشی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها کۆنفرانس میوشن گرنگییەکەی لەوەدایە کە "سەکۆیەکی بێ لایەنە" و ڕێگە دەدات بە دیپلۆماسیی نهێنی سەرکردەکان دەتوانن لە پەراوێزی پانێڵەکاندا، لە ژوورە داخراوەکاندا کۆببنەوە و لەسەر کێشە ئاڵۆزەکان وەک شەڕی ئۆکرانیا یان ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێککەوتن بکەن بەبێ ئەوەی لە ژێر فشاری ڕاگەیاندنەکاندا بن. هەروەها لەم کۆنفراسەدا پێشبینیکردنی هەڕەشەکانو باسی ئەو مەترسییانە دەکرێت کە هێشتا ڕوویان نەداوە وەک مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد (AI) لە جەنگدا یان شەڕی ئەلیکترۆنی (Cybersecurity).

وەکو هەمیشەش باسی هەماهەنگی ناتۆ و ئەوروپا خاڵێکی گرینگە لە کۆنفرانسەکەدا بۆ ئەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانیان نوێ بکەنەوە.

بەشداری کورد: شەرعییەت و پاراستنی قەوارەکە؟

هەرێمی کوردستان ساڵانە وەک یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی ڕۆژئاوا لە شەڕی دژی تیرۆر بانگهێشتی ئەم لوتکەیە دەکرێت. بۆ ساڵی ٢٠٢٦، شاندی هەرێمی کوردستان بە نێچیرڤان بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کاربەرێکەر، و موزلوم عبدی و ئیلهام ئەحمەد لە رۆژئاوای ئامادەییان هەیە ، وە بەرهەم ساڵح وە کۆمیسیار بالای پەنابەران و وەزیری دەرەوە عێراق فواد حوسێنیش ئامادە دەبن.






بۆ کورد، ئەم کۆنفرانسە چەند سوودێکی ستراتیژی هەیە:

١- دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەشداریکردنی سەرکردە کوردەکان لە تەنیشت سەرۆکی وڵاتانی جیهان، پەیامێکی ڕوونە بۆ جیهان کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسیی جێگیر و شەرعییە.

٢- پاراستنی ئاسایش لەم سەکۆیەدا کورد دەتوانێت ڕاستەوخۆ داوای هاوکاری سەربازی و سیستەمی بەرگری پێشکەوتوو بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە درۆنی و موشەکییەکان.

٣- دۆسیەی وزە بەهۆی پێویستی ئەوروپا بە غازی سروشتی کورد دەتوانێت میونشن بەکاربهێنێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و چەسپاندنی پێگەی هەرێم وەک سەرچاوەیەکی گرنگی وزە.

. ئەی رەخنەگران چی دەڵێن لەسەر کۆنفرانسەکە ؟ لایەنە نەرێنییەکامی ئەم کۆنفراسە چین ؟

سەرەڕای ناوبانگە گەورەکەی ڕەخنەگرێکی زۆری هەیە کە ساڵانە لە نزیک شوێنی کۆنفرانسەکە خۆپیشاندان دەکەن گرنگترین ڕەخنەکان لە کۆنفرانسەکە ئەمانەن

١. ڕەخنەگران دەڵێن ئەمە کۆبوونەوەی "دەستەبژێرێکی دەوڵەمەندە کە لە هوتێلە گرانبەهاکاندا کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلانی هەژار دەدەن، بەبێ ئەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکیان تێدا بێت

٢- تەنها "قسەکردنە زۆرێک پێیان وایە کۆنفرانسەکە تەنها شوێنی قسەی بریقەدارە. چونکە هیچ بڕیارێکی پابەندکەر و یاسایی لێ دەرناچێت هەروەها دەڵێن کات و پارەیەکی زۆر بەفیڕۆ دەدرێت بەبێ ئەوەی کێشە جیهانییەکان بە کردەیی چارەسەر بکەن

٣. گرینگترین رەخنەش ئەوەیە لە کۆنفرانسەکەدا هەمیشە لایەنگیری بۆ ڕۆژئاوا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا (ناتۆ) دەکات و دەنگی وڵاتانی باشووری جیهان(ئەفریقا، ئەمریکای لاتین، و بەشێک لە ئاسیا) بە باشی نابیسترێت

٤. خەرجی زۆر و توندوتیژی ئەمنی ساڵانە هەزاران پۆلیسی ئەڵمانیا ناوەندی شاری میونشن دادەخەن ئەمەش دانیشتووانی شارەکە بێزار دەکات و خەرجییەکی زۆر لەسەر بودجەی گشتی دادەنێت

. ٥- جەنگخوازان یان ئاشتیخوازان؟ ڕەخنەگرانی چەپ و دژە جەنگ دەڵێن لە بری ئەوەی باسی ئاشتی بکرێت ئەم کۆنفرانسە زیاتر دەبێتە شوێنی ڕێککەوتنی کۆمپانیا گەورەکانی چەکفرۆشتن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و گەرمکردنی جەنگەکان.

بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کۆنفرانسەکە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت کە جیهان بەدەست کێشەی وزە، گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێی زلهێزەکانەوە دەناڵێنێت. بۆ کوردیش گرنگییەکە لەوەدایە کە لەوێ ئامادە بێت تا وەک بەشێک لە هاوکێشە ئەمنییەکە لەبیر نەکرێت.

ئامادەکردنی: رەنجدەر گراوی



;