ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکراین زنجیرەیەک پەیامی گرنگی لەبارەی ئاییندەی جەنگ، ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا و پرسی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر وەرگرتنی گەرەنتیی جێگیر کردەوە.
زێلێنسکی رایگەیاند کە پێویستە ئۆکراین تا ساڵی 2027 لە رووی تەکنیکییەوە بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپا ئامادە بێت. وتیشی: "من رێکەوتێکی دیاریکراوم دەوێت؛ ئەگەر لەو رێککەوتنەی کە لە نێوان ئەمریکا، روسیا -بە تایبەت پوتن-، من و ئەوروپادا ئیمزا دەکرێت رێکەوتێکی دیاریکراو نەبێت، ئەوا روسیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پەکخستنی پڕۆسەکە، تەنانەت لەرێگەی هەندێک نوێنەری ئەوروپییەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوان بونیاتێکی سەرەکییە بۆ گەرەنتیی ئەمنی.
سەبارەت بە پێشنیازی ئاگربەستی کەرتی وزە کە لە لایەن ئەمریکاوە لە ئەبوزەبی خرابووە روو، سەرۆک کۆماری ئۆکراین ئاشکرای کرد کە هیچ وەڵامێکی ئەرێنییان لە لایەن روسیاوە پێ نەگەیشتووە، بەڵکو وەڵامەکە لەرێگەی هێرشی درۆن و موشەکەوە بووە. ئەمەش وەک ئاماژەیەک نیشان دەدات کە مۆسکۆ لە ئێستادا ئامادەی ئەو ئاگربەستە نییە.
دەربارەی شوێنی کۆبوونەوەی باڵای داهاتوو، زێلێنسکی رونیکردەوە: "لایەنی ئەمریکی پێشنیازی کردووە هەفتەی داهاتوو لە میامی کۆببینەوە و ئێمە دەستبەجێ رەزامەندیمان نیشانداوە، بەڵام روسیا تاوەکو ئێستا دوودڵە." جەختیشی کردەوە کە بۆ ئەوان گرنگ نییە کۆبوونەوەکە لە ئەمریکا بێت یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو گرنگ گەیشتنە بە ئەنجامێکی کردارەکی.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، زێلێنسکی رۆژی 24ی شوباتی (کە چوارەم ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگە) وەک رۆژێکی پیرۆز و جدی ناوبرد و وتی: "بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت ئەم رۆژە بۆ راگەیاندنی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت." راشیگەیاند کە ئۆکراین ئامادەی هەڵبژاردنە، بەڵام بە مەرجێک؛ "سەرەتا ئاسایش، پاشان سیاسەت. هەر کاتێک ئاگربەست جێگیر کرا، ئەوا هەڵبژاردنیش ئەنجام دەدرێت."
ئەم لێدوانانەی زێلێنسکی لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکراین بەردەوامییان هەیە و پرسی گەرەنتییە ئەمنییەکان بوەتە گرێکوێرەی سەرەکیی دانوستانەکان.
