لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراقدا پرسی گواستنەوەی چەکدارە زیندانیکراوەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەمنیی تاوتوێ کرا، تێیدا ئاشکرابوو کە لەم کاتەدا زیاتر لە پێنج هەزار تیرۆریست لە زیندانەکانی عێراقدان و زیاتر لە 90%ـشیان بیانین.
سەفا جابری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا ئاشكرای كردووە، لە کۆبوونەوەکاندا بەرپرسانی ئەمنیی پێیان ڕاگەیاندوون سێ هێڵی پتەوی پاراستن بە دەوری ئەو زیندانییانەی داعشدا دروستکراون کە بەم دواییانە لە سووریا هێنراونەتە وڵات، پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارەکانیش بە هاوکاری هاوپەیمانان و لە ژێر تووندترین ڕێککاریی ئەمنیدا بەردەوامە.
ئاماژە بەوەشکراوە، عەلی زیرجاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسانی ئەمنی لە کۆبوونەوەکەدا ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ژمارەی زیندانیکراوان بە تۆمەتی تیرۆر و ئەوانەی تاوانی تیرۆرستییان لە عێراق ئەنجامداوە زیاتر لە پێنج هەزار کەسن، لەو ژمارەیەش زیاتر 90%ـیان بیانین، بۆیەش پەرلەمانتاران داوایان لە حکومەت کرد بە فەرمی داوا لەو وڵاتانە بکەن، زیندانیکراوەکانیان ببنەوە، چونکە مانەوەیان هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر عێراق.
هاوکات، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراقدا، هەریەکە لە وەزیری داد، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بریکاری وەزارەتی دادی عێراق بۆ کاروباری هەواڵگریی ئامادەبوون و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە.
