پۆلیسی هەرێمی "بریتیش کۆڵۆمبیا" لە ڕۆژئاوای کەنەدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شارۆچکەی "تەمبڵەر ڕیج"، لانی کەم ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کەسی تریش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی بەرپرسانی پۆلیس، ٦ کەس لە ناوخۆی قوتابخانەی ئامادەیی "تەمبڵەر ڕیج" گیانیان لەدەستداوە و کەسی حەوتەمیش لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی سپاردووە. هەروەها پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە تەرمی دوو کەسی دیکەیان لە شوێنێکی جیاواز دۆزیوەتەوە کە پێدەچێت پەیوەندییان بەم ڕووداوەوە هەبێت، بەمەش کۆی ژمارەی کوژراوەکان گەیشتە ٩ کەس.
سەبارەت بە هێرشبەرەکە، پۆلیس ڕایگەیاند کە تەرمی گومانلێکراوەکە لە شوێنی ڕووداوەکە دۆزراوەتەوە و بەپێی بەڵگە سەرەتاییەکان، ناوبراو بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەرچەندە پۆلیس بە فەرمی ناسنامەی هێرشبەرەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میدیاکانی کەنەدا بڵاویان کردەوە کە گومانلێکراوەکە ئافرەتێک بووە بە پۆشاکێکی درێژ و قژی قاوەییەوە.
لە تەقەکردنەکەدا ٢٥ کەسی تر بریندار بوون کە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان، بەڵام پۆلیس دەڵێت برینەکانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکردووە. شارۆچکەی تەمبڵەر ڕیج کە بە کانی خەڵوز و بەردینەی دایناسۆر بەناوبانگە، دەکەوێتە ١٢٠٠ کیلۆمەتریی باکووری شاری ڤانکۆڤەر.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لە پەیامێکدا دڵتەنگیی قووڵی خۆی بۆ ئەم "تەقەکردنە ترسناکە" دەربڕی و ڕایگەیاند: "نزا و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خێزان و هاوڕێیانی قوربانیانی ئەم کارە توندوتیژییە دەکەم." هەروەها ستایشی هێزە فریاگوزارییەکانی کرد کە ژیانی خۆیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان خستە مەترسییەوە.
لەلایەکی تەرەوە، دەیڤید ئیبی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا، ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی پۆلیس تەنها لە ماوەی دوو خولەکدا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێگرییان لە کارەساتێکی گەورەتر کردووە.
بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی ناوچەکە بڕیاری دا بەهۆی ئەم کارەساتەوە، هەردوو قوتابخانەی ئامادەیی و سەرەتایی تەمبڵەر ڕیج تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دابخرێن و تیمەکانی پاڵپشتی دەروونی بۆ هاوکاریکردنی قوتابیان و مامۆستایان ئامادە بکرێن.
ڕووداوی تەقەکردن لە قوتابخانەکانی کەنەدا بە پێچەوانەی ئەمریکای دراوسێی، کارێکی زۆر دەگمەنە و ئەم ڕووداوە هەموو وڵاتەکەی تووشی شۆک کردووە.
