Apora Logo

ئیسرائیل:سەدان هێرشی ئەلکترۆنی ئێرانمان تێکشکاند

ئیسرائیل:سەدان هێرشی ئەلکترۆنی ئێرانمان تێکشکاند

ئاپۆڕا نیوز-هەواڵ

11/2/2026

دەزگەی ئاسایشی گشتیی "شاباك" و بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانی بۆ ئاسایشی ئەلیكترۆنی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد، توانیویانە لە چەند مانگی ڕابردوودا سەدان هێرشی ئەلیكترۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بەرپرسانی باڵای حكوومەت و وەزارەتی بەرگری و ئەكادیمستان و ڕۆژنامەوانانی ئیسرائیل تێكبشكێنن. 



بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشی هەردوو دەزگەكە ئیسرائیلییەكە، تێبینیی زیادبوونی بەرچاوی هێرشی ئەلیكترۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەكرێگیراوانیان، بۆ سەر ئەكاونتەكانی گووگڵی تایبەت بە بەرپرسانی حكوومی و سەربازی و ئەكادیمییەكان و ڕۆژنامەوانانی ئیسرائیل كردووە. 



ئاماژەیان داوە، زیادبوونی ئەو هێرشانە لە دوای هێرشی 12 ڕۆژی مووشەكی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆی 2025ەوە، بەردەوام ڕووی لە زیادبووندایە و ئێستەیش گەیشتووەتە لووتكە و هێرشەكان بەردەوامییان هەیە. 



هەریەك لە شاباك و بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانی بۆ ئاسایشی ئەلیكترۆنی ڕوونیان كردووەتەوە، ئامانج لەو هەوڵ و هێرشانەی ئێران، كۆكردنەوەی زانیاریی كەسی و پیشەییە لەسەر بەرپرسان و كەسایەتییەكان، دواتریش بەكارهێنانیان لە چالاكییە تیرۆریستییەكان و سیخوڕییەكان و كاریگەریدانان لەسەر كەسەكان، ئەمەیش لە ڕێگەی پرۆسەی هەڵخەڵەتاندنی ئاراستەكراو ئەنجام دەدرێت. 



ئەو شێوازە ئامرازی كەسی دیزاینكراو تایبەت بۆ هەر ئامانجێك دروست دەكرێ و شوێنگرەوەی كەسێكی تر دەگرنەوە، ئیمەیلی بانگهێشتكردن و داوەتكردن بۆ بەرپرس و ئەكادیمی و ڕۆژنامەوانان بە ناوی كەسانی ترەوە، بۆ بەشداربوون لە كۆبوونەوە و سیمینار دەنێرن، لەگەڵ ئەوانە فایلی لینككراو ڕەوانە دەكرێت بۆ خۆتۆماركردن و بە ئامانجی دزینی پاسۆرد و كۆدی دڵنیابوونەوەی ئەكاونتەكانی گووگڵ و تەلەگرام و واتسئاپیش دەكرێ، كاتێك كرتە لەسەر لینكەكان دەكەیت و هەوڵی خۆتۆماركردن بدەیت. 



ئەوەش دەڵێن، لە چەند مانگی ڕابردوودا توانیومانە سەتان لەو جۆرە هێرشانە تێكبشكێنین و شێوازی هەڵخەڵەتاندن و ئەو ئامرازانەی بەكاریان هێناوە، بە وردی ئاشكرای بكەین.

;