سەرۆکی کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند، کە پیلانێکی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ تیرۆرکردنی شکستی هێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە گەشتێکی ئاسمانیدا ڕووبەڕووی مەترسیی تەقەکردن بووەوە.
گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە. ئەمەش دوای چەندین مانگ لە هۆشدارییەکان سەبارەت بە پیلانێکی گومانلێکراو لەلایەن بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانەوە بۆ بەئامانجکردنی، وەک ئەوەی «ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا» بڵاوی کردووەتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، هێلیکۆپتەرەکەی پێترۆ نەیتوانی لە شوێنی مەبەستی خۆی لە کەناراوەکانی دەریای کاریبی بنیشێتەوە؛ ئەوەش لەبەر ترسی ئەوەی کەسانێکی نادیار تەقەی لێ بکەن.
پێترۆ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخش کرا، وتی: بۆ ماوەی 4 کاتژمێر لە ناو دەریادا ماینەوە و گەیشتمە شوێنێک کە بڕیار نەبوو بۆی بچین، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگارم بوو.
