Apora Logo

مەسعوود پزیشکیان: هەوڵ بۆ چەکی ئەتۆمی نادەین بەرامبەر ستەمیش پاشەکشە ناکەین

مەسعوود پزیشکیان: هەوڵ بۆ چەکی ئەتۆمی نادەین بەرامبەر ستەمیش پاشەکشە ناکەین

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

11/2/2026

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رۆژئاوا، ڕایگەیاند کە تاران هیچ نێتێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام ئاماژەی بە بوونی "دیوارێکی بەرزی بێمتمانەیی" کرد کە واشنتۆن و ئەوروپا دروستیان کردووە.


پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ئامادەی هەر جۆرە پشکنینێکی نێودەوڵەتییە بۆ سەلماندنی ئاشتیانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام هۆشداریشی دا کە وڵاتەکەی لە بەرامبەر "ستەم و دەستدرێژی" پاشەکشە ناکات. وتیشی: "ئێمە بە هەموو هێزمانەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خەریکی گفتوگۆین لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا."


سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی ئەو وڵاتانەشی کرد کە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان داوە و ڕێگرییان لە جێبەجێکردنی "پیلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا" کردووە. هەروەها لە پەیامێکی ناوخۆییدا، داوای لێبووردنی لە گەلی ئێران کرد بۆ بوونی کەموکوڕییەکان و بەڵێنی بەردەوامی هەوڵەکانی دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.


پێشتر دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو، فشارەکانی بۆ سەر تاران چڕتر کردووەتەوە. تڕەمپ ڕاشیگەیاند، کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ نەیەتە ئاراوە، ئەوا بژاردەی سەربازی و وەشاندنی گورزی توند لە ئارادایە.


چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە ئەم لێدوانە دژبەیەکەکان و جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا، ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوچەیی فراوانتری لێدەکەوێتەوە کە ڕەنگە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.

;