وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بانگهێشت دەکات و بە فەرمی ناڕەزایەتی وڵاتەکەی بەرامبەر لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێ دەگەیەنێت، کە بە "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ" وەسف کراون.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا، محەمەد حسێن بەحرولعلوم بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: "ئەم جۆرە لێدوانانە نەک هەر بەزاندنی عورفە دیپلۆماسییەکانن، بەڵکو زیانێکی گەورە بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەگەیەنن."
بەحرولعلوم جەختی کردەوە کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوە و دەستوورە، نابێت بەراورد بکرێت بە هیچ وڵاتێکی تر کە سیستمی سیاسییان جیاوازە.
سەبارەت بە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پەیامێکی روونی دایە باڵیۆزەکەی تورکیا کە شنگال و ناوچەکانی تر پرسێکی تەواو ناوخۆیی و نیشتمانی عێراقن.
ئاماژەی بەوەشکردووە عێراق تەنها بەپێی ئەولەویەتە نیشتمانییەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیانە دەکات.
جەختیشلەوەدەکاتەوە، هەر هەوڵێکی دەرەکی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم ناوچانە بۆ مەرامی سیاسی و سەربازی قبوڵنەکراوە.
لای خۆیەوە، ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا هەوڵیدا نیگەرانییەکانی بەغدا بڕەوێنێتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە مەبەستی هاکان فیدان تەنها "ئەندامانی پەکەکە" بووە نەک دەستوەردان لە کاروباری دەوڵەتی عێراق یان هاووڵاتیانی. باڵیۆز دووپاتی کردەوە کە سیاسەتی ئەنقەرە بەرامبەر پاراستنی سەروەری خاکی عێراق نەگۆڕە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، باڵیۆزی تورکیا بەڵێنیدا تێبینی و ناڕەزایەتییەکانی حکومەتی عێراق بە وردی بگەیەنێتە سەرکردایەتی وڵاتەکەی بۆ ڕێگریکردن لە هەر گرژییەکی زیاتر.
