Apora Logo

ئەنجوومەنی وەزیران پرسی بەشەبودجە و شایستەی زیندانیانی سیاسی تاوتوێ دەکات

ئەنجوومەنی وەزیران پرسی بەشەبودجە و شایستەی زیندانیانی سیاسی تاوتوێ دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

11/2/2026

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، پرسی چەسپاندنی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری و یەکخستنی مافەکانی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر مافە داراییەکانی هەرێم و یەکخستنی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی.


پرسی سەرژمێری و بەشەبودجە

بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024 دەکرێت کە تێیدا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم (بەبێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) بە %14.1 دیاریکراوە. حکومەت جەخت دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ ئەم ڕێژەیە وەک بنەما بۆ دیاریکردنی بەشەبودجەی هەرێم و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە پێشوەختەکان بەکاربهێنێت.


دۆسیەی زیندانیانی سیاسی

کۆبوونەوەکە بڕیار لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسێکی هاوبەش دەدات بۆ یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسیی هەرێم بۆ سەر "دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق". ئەم هەنگاوە پشتبەست بە ماددەی (132)ی دەستوور و یاسای نوێی ساڵی 2025 دێت، بە مەبەستی هاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانیان.


شایستە داراییەکانی بەشەخۆراک

گفتوگۆ دەکرێت لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی سەبارەت بە تەمویلی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لە چوارچێوەی "خەرجییە حاکمەکان"دایە. هەروەها دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پارەی کەڵەکەبووی ساڵانی (2004 تا 2022) یەکێکی دیکە دەبێت لە بابەتەکان.


ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هەولێر و بەغدا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی نێوانیان.

;