Apora Logo

فایلەکانی ئێف بی ئای؛ ئیدارەی ترەمپ دەخەنە بەردەم زریانێکی نوێی "سکانداڵی ئێپستین"

فایلەکانی ئێف بی ئای؛ ئیدارەی ترەمپ دەخەنە بەردەم زریانێکی نوێی "سکانداڵی ئێپستین"

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

11/2/2026

لە پێشهاتێکی نوێدا کە بووەتە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاشکرای کرد کە بەڵگەنامە تازە بڵاوکراوەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) گومان دەخەنە سەر ڕاستگۆیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئیپشتاین، ئەو سەرمایەدارەی کە بە تاوانی سێکسی سزادرا و دواتر لە زیندان کۆتایی بە ژیانی هات.


بەپێی پوختەی چاوپێکەوتنێکی FBI لە ساڵی 2019دا کە لەگەڵ مایکل ڕیتەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی "پاڵم بیچ" ئەنجامدراوە، ترەمپ لە تەمموزی 2006دا و ڕاستەوخۆ دوای ئاشکرابوونی تۆمەتە سێکسییەکانی جێفری ئێپستین، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پۆلیسەوە کردووە، لە فایلەکاندا هاتووە کە ترەمپ بە ڕیتەری وتووە: "سوپاس بۆ خوا دەستگیرت کرد، چونکە هەمووان دەزانن ئەو کارە دەکات." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵکی نیویۆرک لە کارەکانی ئێپستین ئاگادارن و گیسلین ماکسوێڵ، هاوبەشی جێفری ئێپستین، بە کەسێکی "خراپ" ناوبردووە.


ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە کە ئیدارەی ترەمپ لەژێر فشاری توندی یاسادانەراندایە. هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توند بووەوە سەبارەت بە پەیوەندییە داراییەکانی لەگەڵ ئێپستین.


بڵاوبوونەوەی ملیۆنان فایلی پەیوەست بەم کەیسە لەلایەن وەزارەتی دادەوە، نەک تەنها لە ئەمریکا بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش قەیرانی دروستکردووە، چونکە ناوی چەندین کەسایەتی دیاری جیهانی لە بوارەکانی سیاسەت و بازرگانی تێدا هاتووە.


کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەرگری لە سەرۆک کرد و وتی: "ترەمپ هەمیشە شەفاف بووە لە کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئێپستین."

سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ساڵی 2006یش وتی کە زانیاری وردی نییە.


لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی داد ڕایگەیاندووە کە هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان لەبەر دەست نییە کە بیسەلمێنێت ترەمپ 20 ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاساوە کردبێت بۆ پێدانی زانیاری لەسەر جێفری ئێپستین.


ئەم دۆسیەیە کە ساڵانێکە وەک "مۆتەکەیەکی سیاسی" بۆ زۆرێک لە بەرپرسان ماوەتەوە، ئێستا جارێکی تر گەرم بووەتەوە. بەڵگەنامە نوێیەکان نیشانی دەدەن کە دەرئەنجامەکانی سکانداڵەکەی جێفری ئێپستین بەردەوامن لە دروستکردنی کێشە بۆ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە هیچ ئاگادارییەکی لە تاوانەکانی ئیپشتاین نەبووە.

;